حەلبووسی داوای ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان بەغداد و هەرێم بە ڕێككەوتنێكی ئاشكرا دەكات

04-09-2022 01:20

پەرەگراف

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی داهاتووی گفتوگۆی نیشتمانی دەبێت كۆمەڵێك بابەت لەخۆ بگرێت كە پرۆسەی سیاسی بەبێ ڕێككەوتن لەسەر ئەو بابەتانە ناتوانێت بەردەوام بێت، لەنێویشیاندا ڕێكخستنەوەی پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بە "ڕێككەوتنێكی ئاشكرا".

موحەممەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە پەیامێكدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە فەیسبووك، ئەو پرسانەی بە چەند خاڵێك خستووەتە ڕوو كە دەبێت لە گفتوگۆی نیشتمانیی نێوان لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، سەرەتاش بە "دیاركردنی وادەیەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە لە كۆتایی ساڵی داهاتوو تێنەپەڕێت" دەستی پێ‌ كردووە.

هەروەها حەلبووسی داوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەتێك "بە ڕێككەوتن بە تەواوی دەسەڵاتەوە" دەكات. دەشڵێت "دەبێت ماددەی 76ی دەستوور دووبارە لێكدانەوەی بۆ بكرێت و ئەو یاریكردنە شەرمەزارییەش بە لێكدانەوەی ماددەكە كە لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی 2010 لەژێر گوشاری سیاسیدا كرا، هەڵبووەشێندرێتەوە".

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە دوو خاڵی دیكەدا داوای "پەسەندكردنی یاسای بوودجەی گشتی، مانەوە یان هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان" دەكات.

هەروەها موحەممەد حەلبووسی داوای دەرچوواندنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دەكات، كە ئەو دادگایە لە ئێستادا یەكێك لە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدادە، بەهۆی بڕیارەكانی دژی پرۆسەی نەوتی هەرێم، حكوومەتی هەرێم چەند جارێك بڕیارەكە و خودی دادگاكەیشی ڕەت كردووەتەوە و بە "نادەستوور"ی ناوی بردوون، چونكە دادگاكە بەپێی دەستوور پێك نەهاتووە.

خاڵێكی دیكە كە حەلبووسی داوای كردووە "ڕێكخستنی پەیوەندیی نێوان حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە ڕێككەوتنێكی ئاشكرا بۆ خەڵك، تا ئەوكاتەی یاسای نەوت و گاز پەسەند دەكرێت".

بەدەر لەوانەش، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای گەڕاندنەوەی بەپەلەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و جێگۆڕكێ بە هەموو هێزە سەربازی و ئەمنییەكان دەكات، بە جۆرێك تەنیا وەزارەتی ناوخۆ ئەركی ئاسایشی هەموو شارەكانی لە ئەستۆدا بێت و هێزەكانی دیكە لە دەرەوەی شارەكان بمێننەوە.