قوباد تاڵەبانی بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەكان: لە وادەی دیاریكراودا پرۆژەكان تەواو نەكەن، وەڵا دەتاننێرمەوە بۆ ماڵەوە

04-09-2022 03:26

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی سلێمانی "زۆر توند" بووە و وادەیەكی نزیكی بۆ تەواوكردنی مامەڵەى ژمارەیەك پرۆژە دیاری كردووە و پێی گوتوون "سەرجەمیان تەواو نەكەن، وەڵا دەتاننێرمەوە بۆ ماڵەوە".

سەرچاوەیەكی بەشدار لە كۆبوونەوەكە بە پەرەگرافی وت "لە كۆبوونەوەكەدا دوو جۆر پرۆژە خرانە بەردەست جێگری سەرۆكی حكوومەت، بەشێكیان پێویستیان بەوە هەبوو بە خێرایی جێبەجێ‌ بكرێن، بۆ ئەو بەشەیان یەك هەفتە مۆڵەتی دا بۆ جێبەجێكردنیان، بەشەكەی تریشیان دوو بۆ سێ‌ هەفتە بۆ جێبەجێكردنیان دانراوە".

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا زۆر بە توندی بە بەڕێوەبەری فەرمانگەكانی وتووە كە "دەبێت لە ماوەی دیاریكراودا مامەڵەى پرۆژەكان جێبەجێ بكەن و هیچ پاساوێك نەهێننەوە".

جێگری سەرۆكی حكوومەت ڕەخنەی ئەوەی لە بەڕێوەبەری فەرمانگەكان گرتووە كە "بیانوو بە وەبەرهێنەرەكان دەگرن" و هۆشداریی داوە كە "لێتان قبووڵ ناكەم وەبەرهێنەران بۆ شارەكانی تر ڕاو بنێن".

بەپێی سەرچاوەكەی پەرەگراف، قوباد تاڵەبانی بە تووڕەییەوە وتوویەتی "لەم هەفتەیەدا مامەڵەى سەرجەم پڕۆژەكان تەواو نەبن، وەڵا دەتانێرمەوە ماڵەوە. 55 پڕۆژەیش لەسەر ئەم مێزەیە، دەبێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێك ئیشكردن تێیداندا دەست پێ بكات".

سەرچاوەكە وتیشی "جێگری سەرۆكی حكوومەت جەختی كردەوە كە بەردەوامیی سستی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكانی سلێمانی قبووڵ ناكات و ئەوەی بە میزاج كار دەكات با بچێتەوە ماڵەوە". قوباد تاڵەبانی وتویشیەتی "ئەو فەرمانگەیەی دەوامی ڕێكوپێك نەبێت، بەڕێوبەرەكەی دەنێرمەوە ماڵەوە".