پۆلیسی سلێمانی: شۆفێری ماتۆڕسكیلێك لە قەرەداغ ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەوە و كوژرا

05-09-2022 12:06
بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی لە كاتی بەسەركردنەوەی بریندارانی ڕووداوەكە

پەرەگراف

پۆلیسی سلێمانی كوژرانی شۆفێری ماتۆڕسكیلێكی ڕاگەیاند كە "لە شارۆچكەی قەرەداغ ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بووەتەوە و نۆ كەسی بریندار كردووە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئێوارەی ئەمڕۆ لە قەزای قەرەداغ، لەكاتێكدا كە شۆفێری ماتۆڕسكیلێك هەوڵی تێپەڕبوونی بە بازگەیەكی ئاسایشدا دابوو، هێزە ئەمیینەكان هەوڵیان داوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەن، ڕووبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووە و هەڵات".

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە كە چەكدار بووە، هەوڵی هەڵاتنی داوە و چووەتە یەكێك لە ماڵەكانی قەرەداغ، سەرەڕای گەمارۆدانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە خۆی تەسلیمی هێزە ئەمنییەكان بكات و ڕووبەروویان بووەتەوە".

هەر ئەمشەو، یاسین عەبدولسەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، لە شوێنی ڕووداوەكەوە بۆ میدیاكان وتی "كەسەكە بە چوار نارنجۆك و دەمانچە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەوە".
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی، كەسەكەی بە "تیرۆریست" ناو برد وتی "ژمارەیەك نارنجۆك و دەمانچەیەك و ژمارەیەكی زۆر فیشەكی نۆ ملیمی پێ‌ بووە. زانیارییش لەسەر ئەو كەسە هەیە و پێشینەی توندڕەویی هەبووە".

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت "شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە دوای ڕووبەرووبوونەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كوژرا، سەرجەم بریندارەكانیش لە نەخۆشخانەن و چاودێریی پزیشكیی پێویستیان بۆ ئەنجام دراوە".