لەسەر پرسی زەویوزار داوای بانگهێشتی وەزیری شارەوانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەکرێت بۆ پەرلەمان

05-09-2022 02:00

پەرەگراف

لەسەر پرسی زەویوزار لە سلێمانی و هەولێر ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد.

کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی "دانیشتنەکە لەسەر چۆنیەتی دابەشکردن و بەهەدەردانی ئەو زەوییانە دەبێت کە لە سلێمانی بە نایاسایی دابەشکراون و دەیان هەزار پارچە زەوین، هەروەها لەسەر چۆنیەتی پێدانی زەوی بە وەبەرهێنان لە هەولێر کە دەیان هەزار دۆنم لەم کابینەیەی حکومەتدا دراوەتە وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەو بەپێی بەدواداچوونەکانمان پێدانی زەوییەکان جێی پرسیارو گومانەو زۆربەیان دراونەتە چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراو کە نزیکن لە حیزبی دەسەڵاتدار".

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی "لە هەمویشی خراپتر ئەو شێوازی ئیجرائاتکردنەیە کە دەکرێت، کاتێک سەرپێچی یاسایی دەکرێت دەبێت هەر لە ڕێی یاساوە ڕێکاربگیرێتەبەر لە ڕێگای دادگاوە نەک لەڕێی هێزی سەربازیی وەک ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت، ئەوەی دەیبینین تەسفیەی حسابات و شەڕە لەسەر داگیرکردنی زیاتر".

لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە لە سلێمانی، کاوە عەبدولقادر وتی "چەند کەسێک دەستگیر کراون، بەڵام ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییانەی دەیان هەزار پارچە زەوییان دابەشکردووەو فرۆشتوویانە هیچیان دەستگیر نەکراون، کۆمەڵێک فەرمانبەری ناو شارەوانییەکانیان دەستگیرکردووە، بەڵام کەسە سەرەکییەکانیان دەستگیر نەکردووە".