دوو کەسی دیکە لە ھەولێر تووشی کۆرۆنا بوون

02-04-2020 09:46

پەرەگراف

وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند: لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، دوو تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ لە شاری هەولێر دەستنیشانکران کە یەک ئافرەت تەمەن (30) ساڵ و یەک پیاوی تەمەن (25) ساڵە بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون.

كۆی گشتی تووشبووان لە ھەرێم گەیشتە 190 کەس كە 2 كەسیان گیانیان لەدەستداوە‌و 61 كەسیان چاكبوونەتەوە(51 لە سلێمانی‌و 10 لە هەولێر).

ئەو 2 حاڵەتەی گیانیان لەدەستداوە، هەردووكیان لە سلێمانی بووە؛ یەكەمیان مامۆستایەكی ئاینیی بوو كە نەخۆشیی درێژخایەنی هەبوو، دووەمیش نەخۆشیی شێرپەنجەی هەبوو، هەردووكیان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، هەرچەندە تووشبووی ڤایرۆسەكە بوون، بەڵام بەهۆی كۆرۆناوە نەمردوون.

ئەمشەوی ڕابردوو وەزارەتی تەندروستی ھەرێم لە ھۆشدارییەکی نوێدا ڕایگەیاند: نیگەرانین تا ئێستا هەندێک هاوڵاتی بەرکەوتنی کەسانی تر و هاتنە دەرەوە و یەکتر بینینان هەیە، "هەر یەکتربینین و بەرکەوتنێک ئەگەری ترسناکی تووشبوون چەندین جار زیاد دەکات".

"تکایە لە دەرگای ماڵەکانتان مەیەنە دەرەوە، با دووربین لە کارەساتی تەشەنەکردن و لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ" وەزارەتی تەندروستی وادەڵێت.

ھاوکات وەزیری تەندروستی ھەرێم ڕایگەیاند: هۆکاری تووشبوونی 139 حاڵەت کە دەکاتە ڕێژەی (79%) لەکۆی تووشبووانی کۆرۆنا بەهۆی پابەندنەبوون بووە بە ڕێنمایی تەندروستی و بەرکەوتنی یەکتریی.

د.سامان بەرزنجی لە پەیامێکدا وتیشی"ژمارەکان نیشاندەرێکی مەترسیدارە، تکایە ئاگاداری خۆتان بن نەیەنە دەرەوەی ماڵ و بەرکەوتنی کەسی تر مەبە با کارەساتی تەشەنەکردنی کۆڕۆنا ڕوونەدات".