دەستەی مافی مرۆڤ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەكات

پەرەگراف - فەرمان سادق
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ پێداچوونەوە بۆ ڕەشنووسی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەكات و دەڵێت "دەبێت یاساكە بەزوویی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی 2013ـەوە دەرچووە، تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، حكوومەتی هەرێم ڕێنمایی بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەرنەكردووە. هەرچەندە لە ساڵی 2017ـەوە ڕەشنووسی ڕێنماییەكان ئاماد كراوە، بەڵام بە تەواونەكراوی ماوەتەوە.
مونا یاقو، سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "دەستمان كردووە بە تاوتوێی ئەو ڕێنماییانە كە پێشتر لە ساڵی 2017 ئامادە كراون بۆ ئەوەی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری جێبەجێ بكرێت".
مونا یاقو وتیشی "ئەركی ئێمە لەم یاسایەدا زیاترە، چونكە بە ئاشكرا لە یاساكەدا هاتووە كە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ چەند ئەركێكی لە ئەستۆدایە بۆ ئەوەی یاساكە بە باشترین شێوە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت".
"یەكێك لە ئەركەكانمان ئەوەیە كە كۆمەڵگە هۆشیار بكەینەوە لەوەی چۆن سوود لەو یاسایە وەربگرن، یان هەر پێشێلكاری و لەمپەرێك هەبوو لە جێبەجێكردنی یاساكەدا، ئێمە دەبێت سەرنجی بخەینە سەر و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداری بكەین بۆ ئەوەی لاببرێت"، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وای وت.
سەرۆكی دەستەكە ئاماژەی بەوەش كرد، هەر دەزگا و لایەنێك یاساكە جێبەجێ نەكات و بە باشترین شێوە زانیاری بە هاووڵاتیان و ئەو لایەنانە نەدات كە داوای زانیاریی لێ دەكەن، دەتوانن لە دەستەكە سكاڵا تۆمار بكەن و ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەكەن.
هەروەها وتی "دواین نووسراوی ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە ئێمە كردووە كە پێداچوونەوە بەو ڕێنماییانەدا بكەین كە بۆ جێبەجێكردنی یاساكە دەركراون، لە پێداچوونەوەدا بۆمان دەركەوتووە هەندێك لەو ڕێنماییانە پێویستیان بە هەمواركردنەوەیە".