چالاكانی گەرمیان بە پێ‌ هاتوونەتە سلێمانی و خێمەیان بۆ چاككردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی هەڵداوە

15-09-2022 06:00

پەرەگراف - هەردی عوسمان

ژمارەیەك چالاكی گەرمیان لە دوێنێوە لە شاری كەلارەوە بە ڕێپێوان هاتوونەتە سلێمانی، بە دروشمی "ڕێگاكە تەواو بكەن و ژیانمان لە مردن ڕزگار بكەن"، خێمەیان لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان هەڵداوە بۆ فشار دروستكردن بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی.

یەكێك لەو چالاكانە لە دوێنێوە مانی لە خواردن گرتووە و دەڵێت "ئەمڕۆ لەسەر بەڵێنی هاوڕێكانم مانگرتنم شكاند، ئەوان وتیان ئەگەر نەهاتن بەدەم داواكانمانەوە، هەموومان پێكەوە مان دەگرین".

ئەو چالاكە بۆ هەردی عوسمان، پەیامنێری پەرەگراف دوا و وتی "ڕووداوەكانی هاتوچۆ لە زیادبووندایە، هەفتانە و تەنانەت هەندێك جار ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ ڕوو دەدات".

"ئەو ئامارەی هاتوچۆی سلێمانی كە دەڵێت لە 2013ـەوە تا 2022 لە ڕێگای كەلار - سلێمانی 750 كەس بوونەتە قوربانی، من پێم وایە زۆر لەوەش زیاترە"، ئەو چالاكەی گەرمیان وای وت.

ئەو ڕەخنەیشی لە پەرلەمانتاران گرت كە بەپێی پێویست بەدەم پاڵپشتیی چالاكییەكەیانەوە نەچوون و وتی "تەنیا چوار پەرلەمانتار هاتوون بەدەممانەوە".