خوشكێكی ئەو گەنجەی لە قەرەداغ كوژرا، تەقەی لە دادگای سەیدسادق كرد و دەستگیر كرا

16-09-2022 06:04
بەسەركردنەوەی بریندارانی ڕووداوەكەی 5-9-2022 لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییەوە

پەرەگراف

خوشكێكی ئەو گەنجە ماتۆڕسوارەی هەفتەی ڕابردوو لە قەرەداغ لەلایەن ئاسایشەوە كوژرا، تەقەی لە بینای دادگای سەیدسادق كردووە و دواتر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیر كراوە.

دیاری ڕەفیق، قائیمقامی سەیدسادق، زانیارییەكانی بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "ڕووداوەكە بەیانیی ئەمڕۆ بووە، كچێك كە خوشكی ئەو كوڕە بووە لە قەرەداغ كوژرا، بە هەڵە تەقەی لە بینای دادگای سەیدسادق كردووە و وای زانیوە بینای ئاسایشە".

قائیمقامی سەیدسادق وتیشی "كچەكە دوای تەقەكردنەكە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە دەستگیر كراوە و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت".

ڕووداوەكە نزیكی كاتژمێر 6ی بەیانی بووە و تەمەنی ئەو كچەی كە تەقەی كردووە، لە دەوروبەری 20 ساڵدایە. سەرەتا تەقەی لە بینای دادگا كردووە و دواتریش بەنێو كۆڵانەكاندا تەقەی كردووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانیی لێ‌ نەكەوتووەتەوە.

شەوی 4-9-2022، پۆلیسی سلێمانی كوژرانی شۆفێری ماتۆڕسكیلێكی ڕاگەیاند كە "لە شارۆچكەی قەرەداغ ڕووبەڕووی هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس بووەتەوە و نۆ كەسی بریندار كردووە".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا وتی "ئێوارەی 4-9-2022 لە قەزای قەرەداغ، لە كاتێكدا كە شۆفێری ماتۆڕسكیلێك هەوڵی تێپەڕبوونی بە بازگەیەكی ئاسایشدا دابوو، هێزە ئەمیینەكان هەوڵیان داوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بكەن، ڕووبەرووی هێزە ئەمنییەكان بووە و هەڵات".

بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانی "شۆفێری ماتۆڕسكیلەكە كە چەكدار بووە، هەوڵی هەڵاتنی داوە و چووەتە یەكێك لە ماڵەكانی قەرەداغ، سەرەڕای گەمارۆدانی لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایشەوە، بەڵام ڕەتی كردووەتەوە خۆی تەسلیم بكات و ڕووبەروویان بووەتەوە".

هەر هەمان شەو، یاسین عەبدولسەمیع، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی، لە شوێنی ڕووداوەكەوە بۆ میدیاكان وتی "كەسەكە بە چوار نارنجۆك و دەمانچە ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەكان بووەتەوە".

وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی، كەسەكەی بە "تیرۆریست" ناو برد وتی "ژمارەیەك نارنجۆك و دەمانچەیەك و ژمارەیەكی زۆر فیشەكی نۆ ملیمی پێ‌ بووە. زانیارییش لەسەر ئەو كەسە هەیە و پێشینەی توندڕەویی هەبووە".