قوباد تاڵەبانی: هاوكێشەی 57 بە 43 بۆ ئەم سەردەمە نەگونجاوە، یان حكوومەتێكین یان دوان

17-09-2022 05:44

پەرەگراف

قوباد تاڵەبانی "بە ڕاشكاوی"یەوە دان بەوەدا دەنێت كە "هاوكێشەیەكی زۆر سەقەت لە سەردەمی دووئیدارەییەوە پەیڕەو دەكرێت، كە 57%ی بوودجە بۆ ئیدارەیەك و 43% بۆ ئیدارەیەكی دیكەیە". جەختیش لەسەر چارەسەری ئەو كێشە دەكاتەوە بە یەكلاكردنەوەی ئەوەی "یان یەك حكوومەتین یان دوو".

لە كاتی بەشداریكردن لە پانێلێكی كۆڕبەندی وەبەرهێنان و ئابووری لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە كێشەی مووچە و وەستانی پرۆژەكان لە سنووری ئیدارەی سلێمانی، قوباند تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، وتی "ڕەنگە كورتهێنان لە هەموو هەرێمی كوردستان هەبێت، بەڵام لە سلێمانی كورتهێنانێكی ڕوون هەیە، ئەمەش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ هاوكێشەیەكی زۆر سەقەت كە لەسەردەمی دووئیدارەییەوە پەیڕەو دەكرێت كە پێی دەوترێت هاوكێشەی 57 بە 43".

جێگری سەرۆكی حكوومەتی لە ڕوونكردنەوەیدا سەبارەت بەو هاوكێشەیە وتی "لە سەردەمی دووئیدارەییدا لەسەدا 57ی بوودجە بۆ ئیدارەیەك و لەسەدا 43ی بوودجە بۆ ئیدارەیەكی دیكە دەچوو".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش كرد كە "هەموو شتێك لەسەر ئەو بنەمایە داڕێژراوە، لە شێوازی ئیشكرن و پرۆژە و دامەزراندن و تا كۆتایی". ئەو سیستەمەیشی بۆ سەردەمێك كە دووئیدارەیی بووە، بە شتێك ناو برد كە "ڕەنگە گونجاو بوو بێت"، بەڵام وتی "بۆ ئەم سەردەمە ناگونجێت".

"یان یەك حكوومەتین یان دوان، ئەگەر یەك حكوومەتین، دەبێت ئەو سیستەمی 57 بە 43 هەڵبوەشێنیەوە. من هەمیشە لایەنگری یەكحكوومەتی بووم و خەباتم كردووە لەپێناو یەكخستنی هەرێمی كوردستان نەك كەرتكردنی، ڕەنگە لە ڕووی سیاسییەوە باجی ئەوەشم دابێت، بەڵام من بە باجی دانانێم،"، قوباد تاڵەبانی وای وت.

جێگری سەرۆكی حكوومەت جەختی لەوە كردەوە كە "هەندێك خەرجی هەن سیادین، دەبێت حكوومەتی هەرێم بیگرێتە ئەستۆی خۆی، مووچەش بەشێكە لە خەرجیی سیادی".

سەبارەت بە ڕێكارەكانی ئەم دواییەی بۆ كارئاسانی لە دامودەزگاكانی حكوومەت بۆ وەبەرهێنەران، قوباد تاڵەبانی وتی "ڕاستە لە سلێمانی دەستی پێ‌ كردووە، بەڵام بەردەوام دەبێت و لە هەر شوێنێكی كوردستان دەستدرێژی بكرێتە سەر بازاڕی كار، كەرتی تایبەت، كۆمپانیا، بازرگان و وەبەرهێنەران، ئەركی ئێمەیە وەكوو دەسەڵات بیان پارێزین".

قوباد تاڵەبانی هەر خۆی پرسیارێكی خستە ڕوو بەوەی كە ڕەنگە هەندێك كەس لێی بپرسن بۆچی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەو هەنگاوانەی نەناوە؟ لە وەڵامیشدا وتی "ئەوەی كە ئێستا دەستمان بۆ بردووە لە گورجوگۆڵكردنی دائیرەكان، هەنگاونان بۆ چاكسازی، گرتنی كەسانی گەندەڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی زیادەڕۆكاران، ئەگەر دوو ساڵ لەمەوبەر دەستمان بۆ ببردایە، ٢٠٠ كەس قیتەبوونەوە بەرانبەرم و بەشێكیان هەر لە حیزبەكەی خۆمەوە ڕێگرییان لێ دەكردم، ئەمڕۆ ئەوە نەماوە".