كارزان فیزیك: لەسەر داوای دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، لە ژوورێكی دوو مەتر بە یەك مەتردا زیندانییان كردین

17-09-2022 10:46

پەرەگراف - هەردی عوسمان

نوێنەرێكی مامۆستایانی وانەبێژ جەخت لە داواكاریی دامەزراندنیان دەكاتەوە و دەڵێت "وەزارەتی پەروەردە خۆی دەڵێت: پێویستمان بە نزیكەی 100 هەزار مامۆستا هەیە". سەبارەت بە دەستگیركردنیشیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە دەڵێت "لەسەر ماف و دروشمێكی زۆر سادە كە داوای دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بوو، لە ژوورێكی دوو مەتر بە یەك مەتردا زیندانییان كردین".

كارزان فیزیك، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ، لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ پەیامنێری پەرەگراف، باس لە ڕووداوی دەستگیركردنیان لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیران دەكات و دەڵێت "پێشتر پێیان وتین ئەگەر ئێرە چۆڵ نەكەن، ئاوا و ئاواتان لێ‌ دەكەین، دواتر لە كاتژمێر 1:17 خولەك دەستگیر كراین و بردینیان بۆ بنكەیەك كە دواتر زانیمان بنكەی پۆلیسە، لە دوای كاتژمێر 12ی شەو بە كەفالەت ئازاد كراین".

كارزان فیزیك كە لە كاتی گردبوونەوەیەكی مەدەنییانەی مامۆستایانی وانەبێژ لە ڕۆژی 6-9-2022 لەگەڵ عەلی ڕەئووف، نوێنەرێكی دیكەی مامۆستایانی وانەبێژ دەستگیر كرا، بۆ پەرەگراف وتی "لە لێكۆڵینەوەدا لێیان پرسین لەسەر چی دەستگیر كراون، وتمان لەسەر خۆپیشاندانی مەدەنییانە. ڕۆژی دوای ئازادكردنیشمان چووینەوە بەردەمی دادوەر، وتی: ئێوە هیچتان لەسەر نییە و بێتاوانن، بۆیە چاوەڕوانین پارێزەرەكانمان كەیسەكەمان دابخەن".

ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی وانەبێژ پێی وایە دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەلایەن حكوومەتەوە "هەڵخەڵەتێندراون بەوەی وانە بڵێنەوە لەپای مووچەیەكی زۆر زۆر كەم كە ناتوانن ژیانی ڕۆژانەشیانی پێ‌ دابین بكەن" و وتی "بوونی مامۆستای وانەبێژ فێڵێكی وەزارەتی پەروەردە و حكوومەتی هەرێمە بۆ ئەوەی چیتر دەرگای دامەزراندن نەكرێتەوە".

"مامۆستامان هەیە 14 ساڵە وانەبێژە، قوتابخانە هەیە بەڕێوەبەرەكەی مامۆستای وانەبێژە، خۆم حەوت ساڵە مامۆستای دانەمەزراوم. من خوێندكارم هەبووە ئێستا دامەزراوە، خۆم هێشتا دانەمەزراوم"، كارزان فیزیك وا دەڵێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی كارزان فیزیك بۆ پەرەگرافی خستە ڕوو، وەزارەتی پەروەردە 130 هەزار مامۆستای دامەزراو و زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژی دانەمەزراوی هەیە، كە مامۆستایانی وانەبێژ ڕێژەی 23% تا لەسەدا 25ی مامۆستایان لەناو وەزارەتی پەروەردە پێك دەهێنن.

ئەو پێیشی وایە "ئەگەر حكوومەتی هەرێم بەدەم داواكاریی مامۆستایانی وانەبێژەوە نەیەت، شتێك نامێنێت بە ناوی وەزارەتی پەروەردە، لە چەند ساڵی داهاتوودا مامۆستاسانی وانەبێژ زیاتر لە 50%ی مامۆستایانی ناو وەزارەتی پەروەردە پێك دەهێنن، ئەو كاتە دەبێت بڵێین: وەزارەتی مامۆستایانی دانەمەزراو".