مەلا بەختیار دۆسیەی 'ژەهرپێدانەکەی' دەباتە دادگا

18-09-2022 12:36
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی. وێنە؛ پەرەگراف

پەرەگراف

مەلا بەختیار دۆسیەی "ژەهرپێدانەکەی" دەباتە دادگاو سکاڵای یاسایی تۆمار دەکات، نیگەرانیشە لەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو پرسە پێک نەهێنا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی مەلا بەختیار، ڕوونکردنەوەیەکی بۆ بەدرۆخستنەوەی هەواڵێک بڵاوکردەوە کە "گوایە كاك ئاراسی شێخ جەنگی، بەناوی كاك لاهوری جەنگیەوە، سەری بەڕێز مەلا بەختیاری داوەو لاهوریش داوای لێبوردنی كردووە لە بەڕێز مەلا بەختیار".

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "مەلا بەختیار، تا ئێستا لە چاوپێكەوتن‌و لەو راپۆرتەی كە بە بەڵگەوە بۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لایەنەكان، سەفارەتەكان‌و دەوڵەتەكانی ناردووە، هیچ كەسێكی لەسەر ژارپێدانەكەی، وەكو كەس، تاوانبار نەكردووە. بەداخیشەوە، مەكتەبی سیاسی لەئاست تاوانێكی قێزەونی ئاوادا، لیژنەی لێكۆڵینەوەیان پێكنەهێنا. تازە پێكیشیی بهێنن بەهای نەما. لە ئان‌و كاتی خۆیدا، بەڕێز مەلا بەختیار سكاڵای یاسایی لەسەر تاوانباران تۆمار دەكات. تائێستاش بۆیە سكاڵاكەی نەكردووە، چونكە تاوانەكە هێندە شەرمەزاریە.. نەیویستووە، سەرباری كێشەگەلی یەكێتی، كێشەیەك لەناو خودی یەكێتیدا رویداوە، بباتە بەردەم دادگا".

"ئاراسی شێخ جەنگی، كە بەڕێز مەلا بەختیار لە نەخۆشخانەی ئەڵمانیادا بووە، جوامێریی نواند سەردانی كردو بەچاوی خۆی بینی چۆن دەردەدار كراوەو بە تاوانێكی بێڕەوشت‌و قێزەونیشی زانی. بۆیە، بەڕێز مەلا بەختیار، ئاراسی شێخ جەنگی نابەستێتەوە بە هیچ كەسێك‌و هیچ كێشەیەكەوە. كاك ئاراسیش لەم رۆژانەدا بە نوێنەرایەتی كاك لاهور سەردانی بەڕێز مەلا بەختیاری نەكردووە. ئەم هەواڵە سەراپا هەڵبەستراوە" نووسینگەکەی مەلا بەختیار وادەڵێت.

مەلا بەختیار لە ١٤-١١-٢٠٢١ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەناو یەکێتیدا ژەھرخوارد کراوەو دوو سێ مانگ پێش ڕووداوەکانی ٨ی تەموزی ٢٠٢١، لە دەزگای زانیاریی یەکێتییەوە زانیاریی پێدراوە لەبارەی ژەھرخواردکردنی.

مەلا بەختیار وتیشی، هیچ تەمومژێك لە ژەهرخواردكردنیدا نییەو ڕاپۆرتی پزیشكیی بۆ ڕایگشتی بڵاودەكاتەوە.

"بەبێ ئەملاو ئەولا دەیڵێم لەناو یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژەهرخوارد كراوم، دوو سێ مانگیش پێ 8ی تەموز ئەم تاوانە بەرامبەر بە من كراوە. زانیاریم بۆ هاتووە لە زانیارییەوە كە ئەمكارە بەرامبەر بە من كراوە، وەنەبێت بڵێم سەرئەنجامی پشكنین ئەمەم بۆ دەركەوتبێت، سەرئەنجامی پەرۆشیی ئەو كەسانەی پەرۆشی خەڵكی وەكو ئێمەن، دزەیان بە زانیارییەكە كرد مەلا بەختیار فریای خۆت بكەوە، دوای هەفتەیەك هەر ئەو سەرچاوەیە بە منی وت بەڵكو بە وەستا حەسەنیش بڵێی ئاگای لە خۆی بێت" مەلا بەختیار وای وت.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندیی یەكێتی، ئەوەشی خستەڕوو، هیچ هۆكارێكم شك نەدەبرد تاوانی لەم جۆرە بەرامبەر بە من بكرێت، بۆیە سێ هەفتە زانیارییەكەم فەرامۆش كردو لێكمدەدایەوە كە بۆ ئەم كارە بەرامبەر بە من كراوە؟

مەلا بەختیار وتیشی، بە كەسم نەگوت جگە لە خێزان‌و چەند كەسێكی نزیكم، وا پێویستی دەكرد بچم پشكنین بكەم، كە چوومە عەممان ئەنجامی پشكنینەكەم نارد بۆ هەڤاڵ بافڵ‌و دەزگای زانیاریی‌و ئاسایشی هەرێم.

دوای گەڕانەوەی لە عەممان، مەلا بەختیار دوو جار بافڵ تاڵەبانی‌و دواتر بەرپرسی دەزگای زانیاریی بینیوە‌و لەسەر وردەكارییەكەی قسەیان كردووە، پاشان چووەتە ئەڵمانیا بۆ باشترین نەخۆشخانە، "وەڵامی هەموویان هاتووەتەوەو ڕاپۆرتی پڕۆفیسۆرەكەم لە سڵاو یەكەمەوە تا كۆتا ماڵئاوایی تێدایە كە دواتر بە ئینگلیزی‌و كوردی بڵاوی دەكەمەوەو یەك تۆز گومان‌و تەمومژ لە ژەهرخواردكردنەكەمدا نییە".

"ژەهرخواردكردنی من‌و بافڵ تاڵەبانی‌و وەستا حەسەن لە یەك سەرچاوەوەیە، بەڵام بە كەسایەتی جیاواز كراون، ئەوەی بافڵ بۆ منی گێڕاوەتەوە جیاوازە لەوەی بەرامبەر بە من كراوە، ئەوەی بەرامبەر بە من‌و وەستا حەسەن كراوە یەك سەرچاوەیە، ئەوەی وەستا حەسەن كەم فریای كەوتوون بەرامبەر بە من زۆرتر فریاكەوتوون" مەلا بەختیار وای وت.

وتیشی: پەنجەی تۆمەت بۆ كەس درێژ ناكات تا نەسەلمێندرێت، ئامادەیە ئەو كەسەش ببورێت كە ئەو تاوانەی بەرامبەر كردووە ئەگەر بچێتەلای‌و دانی پێدا بنێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕێگەی خواردنەو ژەهرەكەی پێدراوە، بەڵام چەندجارو چۆن‌و كەی بووە؟ ئەوە ئاشكرا ناكات، چاوەڕوانیشە یەكێتی بیسەلمێنێت كە بێبەرییە لەو تاوانە.