چالاكانی كەلار لەبەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمان درێژە بە مانگرتن دەدەن

18-09-2022 04:37

پەرەگراف

چالاكانی كەمپینی فشار بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی ڕایدەگەیەنن مانگرتنیان لەبەردەم نووسینگەی سلێمانیی پەرلەمانی كوردستان بەردەوام دەبێت تا بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بۆ تەواوكردنی ڕێگاكە دەردەچێت.

ئەو چالاكانە كە بە ڕێپێوانێكی سێ‌ ڕۆژی لە كەلارەوە ڕۆیشتن بۆ سلێمانی و ماوەی چوار شەو و ڕۆژە لەبەردەم نووسینگەی پەرلەماندا خێمەیان هەڵداوە، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتیان "لە ماوەی نۆ ساڵدا زیاتر لە 750 كەس لەو ڕێگایەدا گیانیان لەدەست داوە و نزیكەی 4500 كەسیش بریندار بوون".

چالاكانی كەلار دەڵێن، وەزیری ئاوەدانكردنەوە بەڵێنی داوە پەیامیان بگەیەنێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەدا باسی ئەو بابەتە بكات.

"داوا دەكەین مانگانە لە داهاتی نەوت و ناوخۆ پێنج ملیار دینار بۆ تەواوكردنی ڕێگای سلێمانی - كەلار تەرخان بكرێت، ئەوەش پارەكی زۆر نییە، چونكە تەنیا لە مەرزی پەروێزخان مانگانە 30 ملیار داهات كۆدەكرێتەوە و ڕۆژانە زیاتر لە 30 هەزار بەرمیل نەوت لەژێر خاكی گەرمیان دەردەهێنرێت"، ئەو چالاكانە وا دەڵێن.

گوڵستان سەعید، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، ڕەتی كردەوە كە وەزیرەكانی بزووتنەوەكەی كەمتەرخەم بووبن لە پرسی تەواوكردنی ڕێگای سلێمانی - كەلار و وتی "وەزیری ئاوەدانكردنەوە فشاری لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە و وەزیری دارایی بڕیاری داوە بە خەرجكردنی 60 ملیار دینار بۆ تەواوكردنی ڕێگاكە، ئەوەی كە ڕێگرە، سیستەمی نایاسایی ناشیرنی 43 بە 57ـی دابەشكردنی داهاتە كە یەكێتی و پارتی لەسەری ڕێككەوتوون".

بە قسەی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، پارەی لە خەزێنەی سلێمانیدا نییە و "دەبێت ئەم كێشە چارەسەر بكرێت بەوەی خەزێنەی گشتی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پەیڕەو بكرێت".