بەڵێندەرێكی گەرمیان: پارەكانی خۆمان لە بانك پێ‌ نادەنەوە تا پرۆژەكانی پێ‌ تەواو بكەین

18-09-2022 05:23

پەرەگراف

بەڕێوەبەری كۆمپانیایەكی گەرمیان نیگەرانە لەوەی لەلایەن حكوومەتەوە ڕێگری دەكرێت پارە لە هەژماری بانكیی خۆیان دەربهێنن بۆ تەواوكردنی ئەو پرۆژانەی كە وەریان گرتووە.

فەرهاد موحەممەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای ڕەشماڵ لە گەرمیان كە وەكوو بەڵێندەر پرۆژەی وەرگرتووە، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە سلێمانی وتی "لە 18-4-2022دا فەرمانێك لە وەزارەتی داراییەوە دەرچووە كە بە هیچ شێوەیەك چەكی پەسەندكراوی تەسدیقكراو بۆ هیچ پرۆژەیەك خەرج نەكەن، بەوەش ئێمە بەسراوینەتەوە و هیچ پارەیەكمان بۆ خەرج ناكەن".

ئەو بەڵێندەرە، وەزیری دارایی بە "ڕێگر" لەبەردەم خەرجكردنی پارە بۆ ئەوان ناو دەبات و دەڵێت "نووسراوەكە لەوەوە دەرچووە، ئەگەر ئەویش لە حكوومەتەوە ئەمری بەسەردا كراوە، ئیتر ئەوە خۆیان دەزانن".

وەكوو فەرهاد موحەممەد باسی كرد، مانگێك دەبێت داوای كردووە كە لە بانكی هەرێم پارەی بۆ خەرج بكەن، بەڵام دەستی دەستیی پێ‌ دەكەن و پێیان وتووە "لیژنەمان پێكهێناوە و لێكۆڵینەوە دەكەین بزاین كە ئەو پارانە هی چییە هاتووەتە سەر حیسابەكەتان". ئەو بەڵێندەرە لە وەڵامدا دەڵێت "من كەسێكی خاوەن كۆمپانیام و بەڵێندەرم، بەهۆی ئیش و كارەوە پارەی جیاواز دێتە سەر حیسابەكەم".

خاوەنی كۆمپانیاكەی گەرمیان داوا لە حكوومەتی هەرێمیش دەكات ئەو پارانەیان بۆ خەرج بكات كە وەكوو خۆی دەڵێت "ئێمە بە ئارەقی ناوچەوانی خۆمان پەیدامان كردووە، تەندەری پرۆژەم لایە و دەمەوێت دەست بكەم بە كار، بەڵام پارەم بۆ خەرج ناكەن، وەكوو ئەوە وایە ئەو پارەیەی ئێمە هیچ حسابێكی بۆ نەكرێـت".

ئەو ئاماژەی بەوەش كرد كە پرۆژەی زۆر لە گەرمیان لە بوارەكانی لە ڕێگا و ئاو و ئاوەڕۆ وەستاون.