باخچەی ساوایانی ئەختەری عومەری سام ئاغا کرایەوە

19-09-2022 12:45
مەراسیمی کردنەوەی باخچەکە.

پەرەگراف

باخچەی ساوایانی ئەختەری عومەری سام ئاغا ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەو ھەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی پەروەردەو چەندین کەسایەتیی، کرایەوە.

لە مەراسیمی کردنەوەیدا، وەزیری پەروەردەو پارێزگاری سلێمانی سوپاس و دەستخۆشییان ئاڕاستەی جەلالی سام ئاغا کردو ستایشی کارە خێرخوازییەکانیان کرد.

باخچەکە دەکەوێتە گەڕەکی زەرگەتەی سلێمانی و لەکارێکی خێرخوازیدا لەسەر ئەرکی جەلالی سام ئاغاو خوشکێکی بە تێچووی 400 هەزار دۆلار لەسەر ڕوبەری 1800 مەتر دووجا زەویی دروستکراوە‌، پێشكەشی كەرتی پەروەردە کرا تا بخرێتە خزمەتی منداڵانی ئەوناوچەیە.

بەرلەو باخچەی ساوایانە، جەلالی سام ئاغا چەندین كاری دیكەی خێرخوازیی ئەنجامداوە كە كۆی گشتی بە دەوروبەری ملیۆنێك‌و 700 هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ساڵی 2018 جەلالی سام ئاغا قوتابخانەیەكی خێرخوازیی لە سلێمانی دروست كردو ڕادەستی پەروەردەی كرد وەك هاوكاریكردنی كەرتی خوێندن. قوتابخانەكە بە ناوی زەكیەی سام ئاغای بنەڕەتی لە گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەد لە سلێمانی لەسەر هەشت هەزار مەتر زەویی دروستكراوە، 3 هەزار مەتری بینایەو ئەوەی دیكەی باخچەیە، 12 پۆل لە خۆدەگرێت‌و بە تێچووی 600 هەزار دۆلارو بە نوێترین شێوازی ئەندازیاریی سەردەم دروست كراوە.

ساڵی 2010 كاتێك جەلالی سام ئاغا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی بوو، پڕۆژەی بەخشینی خەڵاتێكی ساڵانەی دامەزراند بۆ خانمی سەلارو فەرمانبەری نمونەیی دیوان، بەمەبەستی دابینكردنی پارە بۆ بەخشینی خەڵاتەكە، جەلالی سام ئاغا پارچە زەوییەكی 200 مەتریی موڵكی خۆی فرۆشتووە بە زیاتر لە 70 ملیۆن دینارو پارەكەی لە بانك داناوە بە چەند مەرجێك كە تەنها بۆ بەخشینی ئەو خەڵاتە بەكاربهێنرێت‌و خاوەندارێتی ئەو حسابە بەناوی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی تۆماركراوە.

هەروەها جەلالی سام ئاغا لە هەردوو پلە وەزیفییەکەیدا کە بریکاری وەزارەتی دارایی و هەروەها کە سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی بووە، داوای کەمکردنەوەی مووچەکەی خۆی کردووە بەهۆی خراپیی دۆخی دارایی ئەوکاتی حکومەتەوە.

هاوکات جەلالی سام ئاغا ئەو خانووەی ئێستا تێیدا دەژی لە گردی سەرچناری سلێمانی بەخشیویەتی بە وەزارەتی تەندروستی کاتێک وەکیلی وەزارەتی دارایی بووە لە ساڵی ٢٠٠٢، بۆئەوەی دوای كۆچی دوایی خۆی بكرێت بە نەخۆشخانەی گشتی‌و پێشكەشی كەرتی تەندروستی كردووە بۆ خزمەتی خەڵکی ناوچەکە، سەرجەم ناوماڵەکەشی پێشکەشی بنکەی ژین کردووە بە ئۆتۆمبێل و کتێبخانەکەیشییەوە کە زۆر لای خۆشەویست بووە.

جەلالی سام ئاغا سەرۆكی پێشووی دیوانی چاودێری دارایی سلێمانی، كەسایەتییەكی دیاری سلێمانییەو لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەودا دیوانی چاودێری دارایی 2 هەزارو 720 ڕاپۆرتی لەسەر گەندەڵی ئامادەكردووە، بەدەر لەو ڕاپۆرتانە، هەرلەو سەردەمەدا دیوان 86 كەسی لەسەر گەندەڵی‌و سەرپێچی یاسایی‌و ئیداریی داوە بە دادگا كە زۆربەیان بەرپرسانی باڵای حكومەت بوون.