لایەنە عێراقییەكان ڕەشنووسی ڕێككەوتنێكیان ئامادە كردووە و بە دوو داواكاریی پارتی و یەكێتی ڕازی بوون

19-09-2022 04:40

پەرەگراف
چوارچێوەی هەماهەنگی، سوننەكان، پارتی و یەكێتی نزیكەی 10 ڕۆژە لە كۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕوپڕدان بۆ دەستپێكردنەوەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەت و دەرچوون لەم چەقبەستووییە سیاسییەی عێراقی تێكەوتووە. ئەنجامی گفتوگۆكان ڕەشنووسێكە كە بڕیارە واژوو بكرێت. پارتی و یەكێتیش دوو داواكارییان هەیە كە هێزە عێراقییەكان دژی نین.

سەرچاوەیەكی باڵا كە ئاگاداری وردەكاریی كۆبوونەوەكانە، بە پەرەگرافی وت "هەفتەی ڕابردوو كۆبوونەوەیەكی درێژ لە ماڵی موحەممەد حەلبووسی بەڕێوە چووە، لە كۆبوونەوەكەدا لایەنەكان بۆچوونی خۆیان خستووەتە ڕوو و كۆمەڵێك خاڵی هاوبەش گەڵاڵە كراوە وەكوو ڕەشنووسی ڕێككەوتنێك".

لە كۆبوونەوەكەدا هەمووان هاوڕا بوون كە كۆبوونەوەكانی پەرلەمان دەست پێ‌ بكەنەوە و حكوومەتێكی نوێ‌ پێك بهێنرێت بۆ كۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە.

بەپێی سەرچاوە باڵاكەی پەرەگراف، پارتی و یەكێتی هەریەكەیان داواكارییەكیان هەبووە كە گرێیان داوە بە كۆبوونەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەت.

پارتی داوای كردووە چاوپۆشی پێ‌ بكرێت لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوتی هەرێم و كێشەكە بە شێوەیەكی بنەڕەتی لە نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بكرێت، ئەویش لە ڕێگەی دەرچوواندنی یاسای نەوت و غاز، لایەنە عێراقییەكان بە داواكارییەكە ڕازی بوون.

یەكێتیش داوای كردووە پۆستی پارێزگاری كەركووك یەكلایی بكرێتەوە و بدرێتەوە بە یەكێتی، لایەنە عێراقییەكان بە داواكارییەكەی یەكێتیش ڕازی بوون بە مەرجی ئەوەی دوو جێگری هەبێت كە كورد نەبن.

هەر لە كۆبوونەوەكەی ماڵی حەلبووسی، هەموو لایەنەكان هاوڕابوون كە لیژنەیەكی هاوبەش پێك بهێنن بۆ سەردانكردنی موقتەدا سەدر و ڕازیكردنی بە پێكهێنانی حكوومەت.

لەوبارەیەوە بەنگین ڕێكانی، ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی بۆ گفتوگۆكانی بەغداد، بۆ ڕووداو وتی "هەوڵ دەدرێت سەدریش ڕازی بكرێت بە بەشداری لە گفتوگۆكان بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، هەموو لایەنەكان ئامادەییان نیشان داوە بۆ چوونە حەنانە و كۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، بەڵام سەرەتا دەیانەوێت بنەمایەك ئامادە بكەن كە گفتوگۆی لەسەر بكەن".

بەپێی قسەی بەنگین ڕێكانی، لایەنەكان "لەسەر خاڵی گرنگ ڕێككەوتوون" و ئەو ڕەشنووسەی ئامادە كراوە سەبارەت بەوەیە كە "حكوومەتی داهاتوو چی دەكات و كار و ئامانجەكانی چی دەبێت و چۆن كێشەكانی عێراق چارەسەر دەكات".

"جەنابی سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە ئەم جارە ئێمە ناچینە ناو هیچ حكوومەتێك بەبێ‌ هەبوونی وەرەقەیەكی نووسراو لەسەر چۆنیەتیی چارسەرەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداد و چۆنیەتیی حوكمڕانیی عێراق"، بەنگین ڕێكانی وای وت.

ئەو ئەندامەی شاندنی دانوستانكاری پارتی وتیشی "هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆچوونی خۆیان لەسەر ڕەشنووسەكە داوە و پێم وایە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی پەسەندی دەكات، پاشان دەچینە قۆناغی واژووكردنی".

نزیكەی یەك ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چووە، پاش دەیان دانوستان و ڕێككەوتنی جیاواز، لایەنە عێراقییەكان دابەش بوون بۆ دوو بەرە و هیچ كامیان نەیانتوانی حكوومەت پێك بهێنن.

پارتی و یەكێتیش كە بەسەر دوو بەرەكەی شیعەدا دابەش بوون، نەیانتوانی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆككۆمار ڕێكبكەون و ململانێی توندیان لەسەر وەرگرتنی پۆستەكە كرد، بەڵام بۆ هیچ لایەكیان یەكلا نەبووە.

بڕیارە كێشەی كاندیدی سەرۆككۆمار لە كۆبوونەوەی نێوان مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پارتی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی یەكلا بكرێتەوە، كە چەند كۆبوونەوەیەكیان لەوبارەیەوە ئەنجام داوە و ئەمڕۆیش دیسان كۆدەبنەوە.

بەنگین ڕێكانی دەڵێت "كاك بافڵ خۆی بە ئێمەی وت: حەز دەكەم خۆم لەگەڵ سەرۆك بارزانی ئەو خاڵە یەكلا بكەمەوە، ئێمە لەسەر سەرۆككۆمار ڕێك دەكەوین و بە یەك بەربژێر دەچینە پەرلەمان".

هەرچەندە پارتی و سوننەكان لەگەڵ ڕەوتی سەدر لە دوای هەڵبژاردنەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 هاوپەیمانێتییەكیان پێكهێنا، بەڵام لە دوای شكستهێنانیان لە هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و پێكهێنانی حكوومەت، بە تایبەتیش دوای كشانەوەی سەدرییەكان لە پەرلەمان و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییەی عێراق، بۆچوونی پێچەوانەیان هەیە.

سەدر داوای لە پارتی و سوننەكان كرد كە لە پەرلەمان بكشێنەوە و ئەم حكوومەتەی كە ئێستا هەیە سەرپەرشتیی هەڵبژاردنێكی پێشەوەختە بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو دوو لایەنە ڕایانگەیاند كە لەگەڵ مانەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێن بۆ سەرپەرشتیی هەڵبژاردن، بەوەش سەرەتای جیاوازییەكانیان دەركەوت.