پەرەگراف
هێزە چەكدارەكانی ئێران لە سنوری پارێزگای كرماشان تەقەیان لە كاروانێكی كۆڵبەران كردووەو كۆڵبەرێك كوژراوەو سێ كۆڵبەری دیكە برینداربوون، بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە تایبەتە بە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
ڕێكخراوەكە ئەوەی خستووەتە ڕوو، ڕووداوەكە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بووە "هێزە چەكدارەكانی ئێران لە پایگاه شۆشمێ سەربە نەوسود لە شاری پاوە، تەقەیان لە كاروانێكی كۆڵبەران كردووەو بەو هۆیەوە كۆڵبەرێك كوژراوەو سێ كۆڵبەری دیكە بریندار بوون".
هەنگاو دەڵێت، ئەو كۆڵبەرەی كە كوژراوە ناوی (سادق عەزیزی)یەو خەڵكی ئاوایی بێونەی سەر بە جوانڕۆیەو تەرمەكەی گوازراوەتەوە بۆ پزیشكی دادوەریی شاری پاوە.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردووش كاروانێكی كۆڵبەران لە بەرزاییەكانی "كانی خوا"ی شاری پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوبەڕوی سەرمایەكی سەخت بوونەوەو سێ كۆڵبەر ڕەقبوونەوەو خەڵك توانییان دوو كۆڵبەری دیكە ڕزگار بكەن.
لەسەرەتای ئەمساڵ تائێستا نزیكەی 20 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە، نیوەیان بەهۆی سەرماو هەرەسی بەفرو ئەوانی دیكە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێرانو بەربوونەوە لە شاخو كەوتنە ناو ئاو.
هەر لەماوەی ئەمساڵدا دەیان كۆڵبەری دیكە برینداربوونو زیاتر لە نیوەیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی ئێران بووە. ساڵی ڕابردووش 71 كۆڵبەر گیانیان لەدەستداوەو 160ی دیكە برینداربوون.
كۆڵبەران لە سنورەكانی باشورو ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە دەیان هەزار مەزەندە دەكرێن، تەمەنیان لە 15 ساڵ بەرەوژوورنو ژنیشیان تێدایە، زیاتر چینی خوێندەوارن كە كاریان دەستناكەوێت.
كۆڵبەران بەگشتیی ئەم پێداویستییانە دەگوازنەوە؛ خواردنەوە كهولییەكانو جگەرە، پارچەی ئۆتۆمبێل لەگەڵ ئامێرە ئەلكترۆنییەكان وەك؛ مۆبایل، تەلەفزیۆنو ئامێری سەتەلایت.
ئینفۆگرافیكێكی پێشتری پەرەگراف دەربارەی كۆڵبەران لە سنورەكانی ڕۆژهەڵاتو باشوری كوردستان