خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوامە، چوار خۆپیشاندەر كوژراون

19-09-2022 09:25

پەرەگراف

ناڕەزایەتییەكان لە بەرامبەر مەرگی ژینا گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش مانگرتنی گشتی بەڕێوە چوو و لە چەنید شوێن بە تایبەت شاری دیواندەرە پێكدادانی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو، چوار خۆپیشاندەر كوژراون و ٩٠ی دیكە بریندار بوون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كەوتووە، لە خۆپیشاندانەكانی ڕۆژی دووشەممەی دیواندەرە "لانی كەم دوو خۆپیشاندەر بە ناوەكانی فواد قەدیمی و موحسین موحەممەدی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران كوژراون، ١٥ خۆپیشاندەری دیكەش بریندار بوون".

ئەمڕۆ لە زۆرینەی شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەوانە (سەقز، سنە، مەهاباد، بانە، كرماشان، مەریوان، دیواندەرە، ئیلام، ورمێ‌، نەغەدە، ڕوانسەر، كۆتۆل، دێولان، بۆكان و پیرانشار) دووكان و بازاڕەكان داخران.

لە زۆرێك لەو شارانەش خۆپیشاندان سەری هەڵدا و تا ئێستا بەردەوامە، لەوانە سنە، دیواندەرە، كامیاران، مەهاباد، قروە، بیجار، تیكاب، بانە و بۆكان، لە ئەنجامدا ژمارەیەك خۆپیشاندەر بریندار بوون و ژمارەیەكیش دەستگیر كراون.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران، دوو خۆپیشاندەری دیكە لە سەقز كوژراون".

ڕێكخراوەكە ئاماری بریندارانی لە ژمارەیەك شوێنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو كردووەتەوە و دەڵێت "١٣ كەس لە مەهاباد، ١٥ کەس لە دیواندەرە، ١٧ کەس لە سەقز، ١٠ کەس لە سنە، حەوت کەس لە بۆکان، حەوت کەس لە بیجار، پێنج کەس لە مەریوان، یەکی چوار کەسیش لە قروە و بانە و تکاب بریندار بوون".

هەر ئەمڕۆیش ناڕەزایەتییەكان گەیشتە تارانی پایتەخت و لە چەند شوێنێكی ئەو شارە خۆپیشاندان و پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان دروست بوو.

ژینا ئەمینی، كچە كوردێكی شاری سەقز بوو، چەند ڕۆژێك لەمەبەر بە بیانووی پابەندنەبوون بە ڕێكارەكانی باڵاپۆشییەوە لەلایەن پۆلیسەوە لە تاران دەستگیر كرا و دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

گیانلەدەستدانی ژینا، توڕەیی و كاردانەوەی فراوانی لە ناوخۆی ئێران و دەرەوە و لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لێ كەوتەوە، لەو ناوچانەی ئێران كە ناڕەزایەتی سەری هەڵداوە، هێزی ئەمنیی زۆر بڵاوەی پێ‌ كراوە بۆ ڕێگری و ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران و بە گازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی ڕاستەقینە هەوڵی دامركاندنەوەی ناڕەزایەتییەكان دەدەن.