سۆمۆ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ئاگادار دەكاتەوە كە نەوتی هەرێم نەكڕن

20-09-2022 03:40

پەرەگراف

كۆمپانیای سۆمۆ جارێكی دیكە جەخت لە سووربوونی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دژی دۆسیەی نەوتی هەرێم دەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت كە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی ئاگادار كردووەتەوە نەوت هەرێمی كوردستان نەكڕن. سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەری و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراقیش تاتوێی ئەو سكاڵایانەیان كردووە كە لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان تۆمار كراون.

عەلا یاسیری، بەڕێوەبەری كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، بە ئاژانسی عەهد نیووزی وتووە، ڕێوشوێنی بەبازاڕكردنیان دژی نەوتی هەرێمی كوردستان گرتووە بەر و سەرجەم كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیان ئاگادار كردووەتەوە كە نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان نەكڕن.

بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوە كردووە كە "بەپێی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم گرێبەستەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بە دەرهێنان و هەناردەكردنی نەوتی خاو هەڵوەشێندراونەتەوە، بەڵام هەرێمی كوردستان پابەند نییە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكە".

هاوكات ئەمڕۆ، ئەلینا ڕۆمانۆڤسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، لەگەڵ فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق، گفتوگۆی دەربارەی سكاڵاكانی سەر كۆمپانیا نەوتییەكانی هەرێم كردووە.

ماڵپەڕی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق تەنیا دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ دەربارەی ئەو سكاڵایانە كراوە كە لە دادگای بازرگانی لەسەر كۆمپانیا نەوتییەكان تۆمار كراون"، هیچ زانیارییەكی دیكەی لەسەر كۆبوونەوەكە نەخستووەتە ڕوو.

بەڕێوەبەری سۆمۆ بۆ ئاژانسی عەهد نیووز ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەوان ڕێكار و میكانیزمی نەرم بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی دەگرنە بەر بە مەبەستی "گواستنەوەی تەواوی مەلەفی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵی، بەڵام ئەو بابەتە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە پێشوازیی لێ نەكراوە".

بە قسەی عەلا یاسری، ساڵی ڕابردوو هەرێمی كوردستان ڕۆژانە 420 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردە كردووە، بەڵام ئەمساڵ هەناردەی نەوتەكەی بۆ 355 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا دابەزیوە.

یاسری جەختی لەسەر ئەوەش كردووەتەوە كە "حكوومەتی هەرێم نەوت بە نرخێكی كەمتر لە حكوومەتی ناوەندی دەفرۆشێت، بەپێی هەواڵی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەرێم نەوت بە داشكاندنی 16 بۆ 20 دۆلار كەمتر بۆ هەر بەرمیلێك لە بازاڕ دەفرۆشێت، لەكاتێكدا كە فرۆشتنەكە لە هەمان ناوچە و لە هەمان كوالێتیی نەوتە”.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان گوێ بە فشار و هەڕەشەکانی بەغداد نادەن  و بەردەوام دەبن لە وەبەرهێنانی نوێ لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان.

ڕۆى ١٢ى ئە مانگە، ماڵپەڕی عێراق ئۆیل ڕیپۆرت بڵاوی کردەوە، سەرەڕای هەڕەشە یاساییەکانی حکومەتی عێراق، بەڵام کۆمپانیا بیانییەکان پارەی زیاتر دەخەنە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە بە ئامانجی وەبەرهێنانی دوورمەوداو پێشبینیی زیادبوونی بەرهەمهێنان دەکەن.

هەڵوێستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کاتێکدایە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی بە نادەستووری لە قەڵەم دا، عێراق زنجیرەیەک ڕێوشوێنی لە دژی نەوتی هەرێم گرتەبەر، لەوانەش هەڕەشەکردن لەو کۆمپانیا جیهانییانەی نەوتی هەرێم دەکڕن و هۆشداریدان بە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە وەبەرهێنان لە نەوتی هەرێمدا نەکەن، ئەوانەی پابەند نەبوون خراونەتە لیستی ڕەشەوە.