سزای 15 ساڵ زیندانیكردن بەسەر براكەی ماریا سەپێندرا و مامی ئازاد كرا

20-09-2022 06:07

پەرەگراف

بە تاوانی کوشتنی ماریا دادگای هەولێر سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەر براکەیدا سەپاند، مامیشی كە لە هەمان دۆسیە دەستگیر كرابوو، ئازاد كرا. پارێزەری دۆسیەی ماریا دەڵێت "تانە لە بڕیارەكە دەدەین و داوای پێداچوونەوە دەكەین".

هەرێم ڕەفعەت، پارێزەری دۆسیەی ماریا سامی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی "ئەمڕۆ كۆتا دانیشتنی دادگا بوو لە دۆسیەی ئیمان سامی. دادگا بڕیاری دا بە سزادانی برای تاوانلێكراو بە 15 ساڵ زیندانی كردن، هەروەها ئازادكردنی مامی كە لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكە لەوێ‌ بووە و بە ئۆتۆمبێلی ئەو ڕۆیشتووە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە".

ئەو پارێزەرە ڕەخنەی لە بڕیارەكە هەبوو و وت ی "لە قۆناغەكانی لێكۆڵینەوە و دادگاییكردندا تێبینیم زۆر بوو كە لە 12 خاڵ پێشكەشی دادگا م كردبوو، بەڵام دادگا هیچ هەڵوەستەی لەسەر نەكرد و بڕیاری خۆی ڕاگەیاند". وتیشی "گومانمان هەیە كە كەسی دیكە لە پشتی تاوانبارەوە بۆ ئەنجامدانی ئەو تاوانە".

سەبارەت بە هۆكاری سزانەدانی مامی ماریا، هەرێم ڕەفعەت وتی "تۆمەتبار خۆی وتی: من ئەو تاوانەم كردووە و مامم هیچ ئاگای لێ‌ نییە، ئەوم بۆ كارێكی دیكە بردووە و بەبێ‌ ئاگاداریی ئەو كارەم كردووە". ئەمە لە كاتێكدایە كە بە قسەی پارێزەرەكە "لە گرتەی ڤیدیۆیی شوێنی ڕووداوەكەدا دیارە كەوا بەیەكەوە (براكەی ماریا و مامی) دەیانەوێت (ماریا) سواری ئۆتۆمبێل بكەن، بەڵام خۆی دەرباز دەكات و لەو كاتەدا گوللـەی ئاراستە دەكرێت".

پارێزەرەكەی ماریا ئاشكرای كرد كە "لە كامێرای چاودێرییەكەوە دیار نییە كێ‌ گوللـە ئاراستەی ماریا دەكات".

دەربارەی تێبینییەكانیان لەسەر دۆسیەكە، هەرێم ڕەفعەت وتی "چەند خاڵێكی سەیر لە پەڕاوەكە بوونی هەبووە، بۆ نموونە: بنكەی پۆلیس دەڵێت كە كاتژمێر 11 و 30 خولەكی شەو ئاگادار كراونەتەوە كە تەرمێك هەیە، بەڵام لە ڕاپۆرتی پزیشكی دادوەریدا دەڵێت: ئێمە كاتژمێر 10ی شەو تەرمەكەمان وەرگرتووە".

"دەبوو نووسراو ئاراستەی كۆڕەك تیلیكۆم بكرێت بە مەبەستی بەەستهێنانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی تاوانبار و تاوانلێكراو لە ڕۆژی تاوانەكەدا، ئەوەش نەكراوە. دەبوو سەرەتا لە بنكەی پۆلیس وتە وەربگیرێت ئینجا بچێتە لای دادوەر، بەڵام لەم دۆسیەدا سەرەتا وتە لای دادوەر وەرگیراوە و ئینجا چووەتە لای پۆلیس"، پارێزەكەی ماریا وا دەڵێت.

ئیمان سامی ناسراو بە (ماریا)، كچێكی دیاری ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بوو، شەوی 6-3-2022 لە شاری هەولێر كوژرا.

هەفتەی ڕابردوو دایكی ماریا دوای دانیشتنێكی دادگا وتی "من كچەكەم لەدەست داوە و كوڕەكەشم بووەتە قوربانی. دڵنیام كوڕەكەم بكوژ نییە، ئەگەر بكوژیش بێت، بە ویستی خۆی ئەو شتەی نەكردووە و كچەكەمی زۆر خۆش دەویست، كەسێكی دیكە لە پشتیەوە هەیە كە زۆر لە كوڕەكەی من تۆمەتبارترە".

"كچەكەم چەند جارێك دەربەردەر كراوە لە ماڵ و لێیان داوە، باوكی ژنی هێناوەتەوە و مامەكانیشی دەیانبردەوە بۆ ماڵەوە و دوای دووسێ‌ ڕۆژ لێیان دەدا، ئیتر دەڕۆیشت، منیشیان كردبوو بە دوژمنی"، دایكی ماریا وای وت.