بارزانی بۆ سەرۆکی پەرلەمان: پاڵپشتیتان دەکەم بۆ زەمینەسازی و دروستکردنی یەکڕیزیی بۆ نووسینەوەی دەستوور

21-09-2022 01:42
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بارزانی و سەرۆکی پەرلەمان.

پەرەگراف

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی مەسعود بارزانی کرد بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نووسینەوەی دەستوری ھەرێمی کوردستان و بارزانی پشتیوانیی بۆ پەرلەمان ڕاگەیاند لەسەر ئەو پرسە.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، هەردوولا لە دیدارەکەدا باسیان لە زەرورەتی زەمینەسازی و دروستکردنی هەماهەنگی و یەکدەنگی کرد لەنێوان لایەن سیاسییەکان و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ نووسینەوەی دەستوور.

"جەنابی سەرۆک بارزانی پاڵپشتی خۆی بۆ پەرلەمانی کوردستان و هەر هەوڵێکی زەمینەسازی و دروستکردنی یەکڕیزی بۆ نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، لەلایەن دامەزراوە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، وەک چۆن لەڕابردوو هەمان هەڵوێستی هەبووە" بارەگای بارزانی وادەڵێت.

ڕێواز فایەق بەرلەسەردانەکەی ئەمڕۆی بۆلای بارزانی، سەردانی سەرۆکی حیزبەکانی دیکەی کردووەو ڕاو بۆچوونیانی وەرگرتووە لەسەر ھەمان پرس.

ڕەشنوسی دەستوری ھەرێمی کوردستان ساڵی ٢٠٠٩ئامادەکراو لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، بەڵام نەخرایە ڕاپرسییەوە بەھۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر ڕەشنوسەکە، دواتر گەڕێندرایەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

پاشان لایەنەکان ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوەی ڕەشنوسەکە، بەڵام لیژنەکە کارەکانیتەواو نەکردو بەھۆی ناکۆکی سیاسییەوە ڕەشنوسەکە بەھەڵواسراویی ماوەتەوە.