یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا واژۆکرا

21-09-2022 03:43
واژۆکردنی یاداشتەکە لە نێوان ‏ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكاو وەزیری پێشمەرگە.

پەرەگراف

وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتیان واژۆ کرد، بەپێی یاداشتەکە ئه‌مه‌ريكييه‌كان بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگە، لەگەڵ‌ هاوكاری و پشتيوانییان بۆ سه‌رخستنى پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌.

یاداشتەکە لە ڕێوڕەسمێکدا لە نێوان سێلێست واڵنده‌ر، ‏ياريده‌ده‌رى وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مريكا بۆ كاروبارى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى و شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە واژۆ کرا بە ئامادەبوونی ‏نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ‏مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم.

یاداشتەکە نوێکراوەی ئەو لێکتێگەیشتنەیە کە بۆیەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٦دا واژۆ کرا، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی نێوان هەردوولا، یاداشتەکە ڕەنگدانەوەی هەماهەنگی دوور مەودای نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەروەها پابەندی هاوبەشییانە بۆ تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش.

"یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە هەم دەستنیشانی ئەو بەرەپێشچوونانە دەکات کە لەبواری چاکسازی بنەڕەتی دامەزراوەکاندا بە دەست هاتوون و هەمیش پابەندی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر بە ئامانجی زیاتر پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی لەخۆدەگرێت" ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکاو وەزارەتی پێشمەرگە وادەڵێت.

لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنی یاداشتەکەدا سەرۆکی هەرێم وتارێکی پێشکەش کردو وتی "خاڵى هه‌ره‌ گرنگى ئه‌م ياداشته‌ ئه‌وه‌يه‌: هه‌ردوولا كۆكن كه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كى جددى و ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هێشتا ئه‌ركێكى هاوبه‌شى هه‌رێمى كوردستان و عێراق و ئه‌مريكا و هاوپەیمانان هه‌يه‌، ئه‌ويش به‌رده‌واميى هاريكاريى‌ هاوبه‌شى نێوان هه‌ردوولايه،‌‌ تا ئه‌و كاته‌ى به‌ يه‌كجارى داعش له‌ناوببردرێت".

نێچیرڤان بارزانی وتیشی "جگه‌ له‌مه‌، ئه‌م ياداشتى لێكگه‌يشتنه‌، وا ده‌كات هاوبه‌شه‌ ئه‌مه‌ريكييه‌كانمان، پێداويستى و كه‌موكوڕييه‌كانى پێشمه‌رگه‌ پڕ بكه‌نه‌وه‌ و هاوكار و پشتيوان بن بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى يه‌كه‌ و هێزه‌كانى پێشمه‌رگه"‌.

سەرۆکی هەرێم سوپاسی پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مريكا و دۆستانى ديكەی هەرێمی کرد له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و هه‌وڵه‌كانيان بۆ يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌.

 ئەمەریکاو هاوپەیمانان بەردەوام فشار دەخەنەسەر پارتی و یەکێتی تا دەستبەرداری هێزەکانی پێشمەرگە ببن و بکرێتە هێزێکی نیشتمانی، بۆئەوەش هاوکاریی پێشکەش دەکەن و چاودێریی پڕۆسەیەکی یەکخستنەوەو چاکسازیی دەکەن لە وەزارەتی پێشمەرگە.

"حه‌ز ده‌كه‌م هه‌موو لايه‌ك دڵنيا بكه‌مه‌وه‌ كه‌ وێڕاى هه‌موو سه‌ختى و گرفته‌كانيش، ئێمه‌ لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان جددى و پابه‌ندين به‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ يه‌ك بخه‌ينەوە‌ و پرۆسه‌كه‌ سه‌ربكەوێت. كۆڵ ناده‌ين و له‌ڕووى سياسيشه‌وه‌ به‌رده‌وام كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌گه‌ڵ پارتى ديموكراتى كوردستان و يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستان له‌سه‌ر هێڵ و له‌ گفتوگۆی بەردەوامداين" سەرۆکی هەرێم وای وت.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی "هه‌موومان و دۆستانيشمان باش ده‌زانين كه‌ هه‌رێمى كوردستان پێويستى به‌ هێزێكى پێشمه‌رگه‌ى نيشتمانيى ڕێكخراو، يه‌كگرتوو و پيشه‌يى هه‌يه‌. ئه‌مه‌ ئامانجێكى ڕوونى ئێمه‌يه‌ و ده‌بێ كارى جددى له‌سه‌ر بكرێت. نابێت‌ ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته‌ هۆى بێهيوايى و نائومێديى خه‌ڵكی كوردستان و دۆستانى هه‌رێمى كوردستان".