داوای بانگهێشتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی دەکرێت بۆ پەرلەمان

22-09-2022 06:02

پەرەگراف

پەرلەمانتاران داوای بانگهێشتی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و وەزیری دارایی دەکەن بۆ دانیشتنێکی پەرلەمان لەبارەی نەناردنی پڕۆژە یاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان.

بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ یاداشتێک بە واژۆی ٢٠ پەرلەمانتار ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرا بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە.

لە یاداشتەکەدا پەرلەمانتاران ئاماژە بەوەدەکەن، حکومەتی ھەرێم لە ساڵی ٢٠١٣وە ھیچ پڕۆژە یاسایەکی بودجەی نەناردووەتە پەرلەمان.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە سەرەتای مانگی ١٠ی ھەموو ساڵێک حکومەت پڕۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان بکات، پاش پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە پەرلەمان دەبێت بە یاساو حکومەت بەپێی ئەو یاسایە کاردەکات و بودجە بۆ کەرتە جیاوازەکان تەرخان دەکات.