پێنجەم ڕۆژى خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان؛ ڕێكخراوەكان ئاماری جیاواز بڵاو دەكەنەوە

22-09-2022 10:35

پەرەگراف

بۆ پێنجەم ڕۆژ خۆپیشاندان و پێكدادان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەردەوام بوو. ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئاماری جیاواز بڵاو دەكەنەوە. ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت "بەلای كەمەوە 31 هاووڵاتی كوژراون"، بەڵام ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "كوژرانی 15 هاووڵاتی پشتڕاست كراوەتەوە كە سەرجەمیان كوردن"، بەپێی ئاماری تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش "12 خۆپیشاندەر كوژراون".

ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤی ئێران هیچ ئامارێكی سەبارەت بە بریندار و دەستگیركراوان بڵاو نەكردووەتەوە، بەڵام ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "733 كەس بریندار بوون و زیاتر لە 600 كەسیش دەستگیر كراون"، تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش برینداربوونی "375 هاووڵاتیی مەدەنی"ی ڕاگەیاندووە.

ئەمڕۆیش خۆپیشاندان لە چەندین شار بە تارانی پایتەختیشەوە بەڕێوە چووە، بە تایبەت لە شارەكانی سنە، شنۆ، بانە، بۆکان و شەردەشت پێكدادانی توند لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران ڕووی دا.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كاردانەوەی جیددیان لەبارەی كوشتاری هاووڵاتیانی ئێرانییەوە هەبێت. مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دەڵێت "ئیدانەكردن و دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەس نییە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو كەسانەی پاڵپشتی لە مافی مرۆڤ دەكەن، دەبێت پاڵپشتی لە داواكاریی خەڵكی ئێران بكەن".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژەی بە بوونی خۆپیشاندن لە 30 شاری گەورە و بچووكی ئێران كردووە و ئاماری زۆرترین كوژراوانی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە "11 كە لە شاری ئامۆل، شەش كەس لە شاری بابل، دوو كەس لە دیواندەرە"، لە 12 شاری دیكەش یەكی یەك كەس كوژراون، كە لەناویاندا شاری شنۆ هەیە.

بەڵام بەپێی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە لە سنووری ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا چالاكیی هەیە، ژمارەی كوژراوان لە سنووری ڕۆژهەڵاـی كوردستان زیاترن و تەنیا لە شاری شنۆ سێ‌ خۆپیشاندەر و لە ورمێ‌ چوار خۆپیشاندەر كوژراون.

ڕێكخراوەكە لە دواین ڕاپۆرتیدا كە ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت "لە ناڕەزایەتییەكانی ڕۆژی چوارشەممە 21-9-2022، لانی كەم هەشت هاووڵاتیی ناڕازیی كورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی ئێران كوژراون و زیاتر لە 281 هاووڵاتیی دیكەش بریندار بوون و دەیان كەسیش دەستبەسەر كراون".

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە لانی كەم لە ١٢ شاری ئاودانان، ئیلام، كرماشان، سنە، ورمێ‌، قوروە، ڕەبەت، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، پاوە، شائاباد، ئەیوان و بۆكان، خۆپیشاندان هەبووە

"هەنگاو لە ڕێگای سەرچاوەكانی خۆیەوە زانیویەتی كە هاووڵاتییەكی دیكە لە ورمێ‌ كوژراوە و تەرمەكەی لە نەخۆشخانەی خومەینیی ئەو شارەیە، هەواڵەكان باس لە كوژرانی چەند كەسی دیكە لە شائاباد دەكەن و تیمی هەنگاو خەریكی بەدواداچوون بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی هەواڵەكانە".

ڕێكخراوەكە دەشڵێت "لە ماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا، زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتیی كورد لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراون، كە شووناسی زیاتر لە ١٠٠ كەسیان بۆ هەنگاو ئاشكرا بووە و لە ڕاپۆرتێكی جیاوازدا بڵاو دەكرێتەوە".

هاوكات تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان لە نوێترین تویتیدا دەڵێت "هێزەكانی دژەشۆڕش و بەسیجی ئێران، لە دوای كوژرانی مەهسا ئەمنییەوە تا ئێستا، 12 خۆپیشاندەریان لە ناڕەزایەتییەكاندا كوشتووە و 375 هاووڵاتیی مەدەنی لەناویشیاندا 13 منداڵیان بریندار كردووە، هەروەها 530 كەسیان دەستگیر كردووە".

ئاماری گشتیی چوار ڕۆژی ڕابردووی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بەپێی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو:

دیواندەرە: ٢ كوژراو و ٣٣ بریندار
سەقز: ١ كوژراو و ٧٤ بریندار
بانە: ٤٠ بریندار
مەهاباد: ٢٣ بریندار
بۆكان: ٣٤ بریندار
سنە: ١١٠ بریندار
مەریوان: ٩ بریندار
دێولان: ١ كوژراو و ١٦ بریندار
بیجاڕ: ٩ بریندار
قوروە: ٣٢ بریندار
كامیاران: ١١ بریندار
تیكاب: ٧ بریندار
ماكۆ: ٦ بریندار
ئورمیە: ٤ كوژراو و ٦٠ بریندار
پیرانشار: ١ كوژراو و ٧١ بریندار
كرماشان؛ ١ كوژراو و ٣٧ بریندار
نەغەدە: ١٨ بریندار
شنۆ؛ ٣ كوژراو و ٤٣ بریندار
ئیلام؛ ١ كوژراو و ٢٧ بریندار
شائاباد؛ ١ كوژراو و ٤٠ بریندار
ئەیوان؛ ١١ بریندار
ئاودانان؛ ٦ بریندار
سەردەشت؛ ١٦ بریندار

كۆی گشتی: ١٥ كوژراو - ٧٣٣ بریندار