شەشەم ڕۆژی خۆپیشاندان لە ئێران؛ پێكدادان بەردەوامە و 50 كەس گیانیان لەدەست داوە

23-09-2022 11:37

پەرەگراف

خۆپیشاندانەكانی ئێران لە شەشەم ڕۆژیدا بەردەوامە، لە چەندین شار پێكدادانی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكانی ئێران هاتە ئاراوە، لە چەندین شوێنی تارانی پایتەختیش ئەمشەو خۆپیشاندان بەڕێوە چوو. ئاماری كوژراوان لە سەرتاسەری ئێران "50" كەسی تێپەڕاندووە و كە "16"یان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

ئێوارەی ئەمڕۆ خۆپیشاندان لە چەندین شار و شارۆچكەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەستی پێ‌ كردەوە. لە سنە، كرماشان، مەهاباد و بۆكان پێكدادانی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان ڕووی دا.

لە شارەكانی دیكەی ئێرانیش لەوانە تاران، مەشهەد، تەبرێز، كەرەج، ڕەشت، مەرودەشت لە پارێزگای فارس و كوهدەشت لە پارێزگای لوڕستان، خۆپیشاندانی فراوان بەڕێوە چوو و لە بەشێكیان پێكدادانی توند ڕووی دا.

لە تارانی پایتەختی ئێرانیش جیاواز لە شەوەكانی دیكە، ئەمشەو لە زۆرترین ناوچە خۆپیشاندانی بە بەشداریی ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك بەڕێوە چوو، لە هەندێك شوێن ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو.

بەپێی دواین ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە "بە لای كەمەوە 50 كەس گیانیان لەدەست داوە". ڕێكخراوە دەشڵێت "تا ئێستا لە زیاتر لە 80 شاری گەورە و بچووكی ئێران خۆپیشاندان بەڕێوە چووە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش كە چالاكییەكانی سنووری ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەگرێتەوە، لە نوێترین ئاماردا دەڵێت "تا ئێستا كوژرانی 16 خۆپیشاندەر لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان پشتڕاست كراوەتەوە".

مافی مرۆڤی هەنگاو زیاتر دەشڵێت "زیاتر لە 600 كەس دەستگیر كراون كە زیاتر لە 50یان ئافرەتن و ژمارەیەكی زۆریشیان منداڵن".

تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستان كە چاودێریی مافەكانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەڵێت "چوار خۆپیشاندەری دیكە لە شارەكانی ئیلام و ئیسلامئاباد كوژراون، بەوەش تا ئێستا بەلای كەمەوە 16 هاووڵاتی بە تەقەی هێزە دژەشۆڕشەكان و بەسیجی ئێران كوژراون".

لە زۆربەی ئەو شارانەی كە خۆپیشاندان هەیە، هێڵی ئینتەرنێت پچڕاوە، یان زۆر لاوازە. حكوومەتی ئێران بە بڵاوەپێكردنی زیاتری هێزە لەو شارانە بە تایبەتیش شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، هەوڵی كۆتاییهێنان بە ناڕەزایەتییەكان دەدات.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كاردانەوەی جیددیی لەبارەی كوشتاری هاووڵاتیانی ئێرانییەوە هەبێت.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران، دەڵێت "ئیدانەكردن و دەربڕینی نیگەرانی لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەس نییە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو كەسانەی پاڵپشتی لە مافی مرۆڤ دەكەن، دەبێت پاڵپشتی لە داواكاریی خەڵكی ئێران بكەن".