داهاتی نەوتی سێ مانگی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٣ ملیارو ٧٨٩ ملیۆن دۆلارە

24-09-2022 01:24

پەرەگراف

هەرێمی کوردستان لە سێ مانگدا زیاتر لە ٣٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە کردووەو ٢٣٧ هەزار بەرمیلیشی بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان فرۆشتووە، کۆی داهاتی نەوت لەو سێ مانگەدا زیاترە لە ٣ ملیارو ٧٨٩ ملیۆن دۆلار، بەڵام کەمتر لە نیوەی ئەو پارەیە بۆ حکومەت ماوەتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت.

کۆمپانیای دیلۆیت کە وردبینی بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، ڕاپۆرتی هەناردەو داهاتی سێ مانگی نەوتی بڵاوکردەوە (١-٤ بۆ ٣٠-٦-٢٠٢٢)، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەو ماوەیەدا لە رێگەی بۆرییەوە 37 ملیۆن و 618 هەزار و 577 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە بە نرخی ١٠٠ دۆلارو ٣٨ سەنت بۆ هەر بەرمیلێک، کە کۆی داهاتی نەوتی فرۆشراو بە بۆریی سێ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن و ٤٤٦ هەزار و ٢٥١ دۆلار بووە. 

سەبارەت بە فرۆشتنی نەوت لە ناوخۆ، لەو سێ مانگەدا 237 هەزار و 475 بەرمیل نەوت بە نرخی 54 دۆلار و 8 سەنت بە پاڵاوگە ناوخۆییەکان فرۆشراوە بەمەبەستی دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان، کە تیکڕای داهاتەکەی 12 ملیۆن و ٨٤٤ هەزارو ٢٨ دۆلار بووە.

لە کۆی داهاتی نەوت لەو سێ مانگەدا کە بریتی بووە لە ٣ ملیارو ٧٨٩ ملیۆن و ٢٩٠ هەزارو ٢٧٩ دۆلار، تەنها یەک ملیارو ٥٧١ ملیۆن ٩٨٥ هەزارو ٢٧٥ دۆلاری بۆ حکومەتی هەرێم ماوەتەوە، ئەوەی دیکەی بۆ دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان و خەرجیی هەناردەو گواستنەوەو کۆگاکردنی نەوت بووە.