سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی لە هەرێمی کوردستان دژی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران ڕاگەیاند

24-09-2022 06:42
ئاسەواری بۆردومانی سوپای پاسداران بۆسەر ناوچە سنورییەکانی هەرێم

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێكی دژی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، داوا لە دانیشتووانی ناوچەكانی نزیك لەو هێزانە دەكات لە بنكە بارەگاكانیان دوور بكەونەوە. ئۆپەراسیۆنەكە لە كاتێكدایە ئەمڕۆ لە خۆپیشاندانی دژی مەرگی ژینا ئەمینی لە هەولێر، ئاڵای ئێران سووتێنرا، دوای خۆپیشاندانەكەش ئێران دەستی بە تۆپبارانی سنوورەكانی هەرێم كرد.

سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت، سەرەڕای چەندین جار "بیرهێنانەوە و هۆشداریدان بە بەرپرسانی هەرێم بۆ ڕێگری لە جێگیربوون و چالاكیی گرووپە بەكرێگیراو و تیرۆریستییەكان دژی كۆماری ئیسلامی، بەڵام بەرپرسانی هەرێم كەمتەرخەم بوون" لە هەنگاوی پێویست بە ڕێگری لەو هێشی ئەو گرووپانە

بەپێی ناوەرۆكی ڕاگەیەندراوەكە، ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن قەرارگای حەمزەی هێزی زەمینیی سوپای پاسدارانەوە، ئەمڕۆ (شەممە) بە "ئاگرباران و تۆپباران"ی بارەگا و ناوەندەكانی جێگیربوونی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران دەستی پێ‌ كردووە.

پاساوی سوپای پاسداران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە، ئەوەیە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرش كراوەتەوە سەر بارەگاكانی سەرسنووری ئێران و دەشڵێت "ئۆپەراسیۆنەكانمان بە ئاراستەی دەستەبەركردنی ئاسایشی سنوورەكان و سزادانی تیرۆریستانی تاوانباری دەستدرێژیكار، هەروەها بەرپرسیاركردنی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و ئەركە یاساییەكانیان"، بەردەوام دەبێت.

سوپای پاسداران داوای لە خەڵك و دانیشتووانی ئەو ناوچانەی "هەرێمی باكووری عێراق" كردووە كە دوور بكەونەوە لە بارەگا و بنكەی ئەو هێزانەی دژی ئێران.

ئەمڕۆش وەك سەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەرسیۆنەكە، سوپای پاسداران سنووری ناحیەی سیدەكانی لە ھەولێر تۆپباران كرد، ئەوەش چەند كاتژمێرێك دوای خۆپیشاندانی ناڕەزایی كوردانی ڕۆژھەڵات بوو لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەكرگرتووەكان لە ھەولێر بۆ پشتیوانی لەخۆپیشاندانەكانی ئێران و دەربڕینی ناڕەزایی بۆ گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی.

لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی هەولێردا ئاڵای ئێران سووتێنرا و دروشمی "مردن بۆ كۆماری ئیسلامی، مردن بۆ خامنەیی" وترایەوە، خۆپیشاندەران هەوڵیان دا بە ڕێپێوانێك بچنە بەردەم كونسوڵگەریی ئێرانیش، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگرییان لێ‌ كرا.

هێرشەكانی ئێران لە كاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی لە خێزانی ژینا ئەمینی كرد، دواتریش حسێن دلێریان، شرۆڤەكاری سەربازی و ڕۆژنامەنووسی نزیك لە سوپای پاسداران، لە تویتێكدا وتی "ئەو كارەی مەسعود بارزانی بێ‌ وەڵام نابێت".

هەموو ئەمانە لە كاتێكدان كە هەشت ڕۆژ بەسەر گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و هەفتەیەكی تەواو بەسەر دەستپێكردنی خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دەیان شاری ناوچەكانی دیكەی ئێران بەو بۆنەیەوە، تێدەپەڕێت.