لەمەودوا مانگانە پارەی كارەبا لە هاووڵاتیان وەردەگیرێت

25-09-2022 01:36

پەرەگراف

لەمەودوا بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی "لەسەر بڕیاری حكوومەتی هەرێم"، مانگانە ماڵ بە ماڵ دەگەڕێت و پارەی كارەبا لە هاووڵاتیان وەردەگرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی لە ئاگادارییەكدا دەڵێت "لە پلانماندایە ئەو قەرزانەی كارەبا كە لای هاووڵاتی ئاسایین لە (پۆلی ماڵان) كۆبووەتەوە، لێپرسینەوە لەبارەیانەوە نەكرێن تا لە داهاتوودا حكومەت بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە دەدات، بەڵام لێرە بەدواوە پارەی خوێندنەوە واتە (سەرفیاتی مانگانەی كرێی كارەبا) وەردەگیرێت لەبەردەم ماڵاندا و لەلایەن ژمێركارانەوە (عدادی كارەبا)".

بەڕێوەبەرایەتییەكە دەڵێت، ئەو ئەو پلانە "بە بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبا" جێبەجێ‌ دەكات، بە هۆكاری "كەمبوونەوەی (سیولەی پارە) بۆ پێدانی مووچە و دابینكردنی خزمەتگوزارییە پێویستییەكان لە نەخۆشخانەكان و ئاو و كارەبا و ڕێگاوبان".

بەڕێوەبەرایەتیی كارەبای سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەكات كە "هاوكارێكی باشی ئەم پرۆسەیە بن" و دەڵێت "بە سوودی گشتی و كەسی ئەو هاوبەشانە تەواو دەبێت، هاووڵاتیان بەشێك لە ئەركەكانیان كەم دەبێتەوە و پێوست ناكات بۆ پارەدان سەردانی فەرمانگە و بنكەكانی وەرگرتنی پارەی كارەبا بكەن، بەڵكو ڕاستەوخۆ لەبەردەم ماڵاندا ئەو كارە ئەنجام دەدرێت".

كارەبای سلێمانی، پرۆسەی كۆكردنەوەی پارەی كارەبا بە شێوەی مانگانە، بە پلانێك بۆ "چارەسەری كێشەی خزمەتگوزارییە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانی" ناو دەبات.

لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە ساڵی 2014 و ڕاگەیاندنی سیستەمی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە، كە ڕێژەیەكی زۆر لە مووچەی مووچەخۆران بڕدرا و چەندین مانگیش هیچ مووچەیەكیان پێ‌ نەدرا، هاووڵاتیانش ئامادە نەبوون پارەی خزمەتگوزارییەكان وەكوو ئاو و كارەبا بدەن، ئەمەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی قەرزێكی زۆری حكوومەت لای خەڵك.

لەم كابینەیەی حكوومەتی هەرێمدا، چەند جارێك وەزارەتی كارەبا داشكانی لەسەدا 15ی بۆ قەرزی كارەبا ڕاگەیاند بۆ دانەوەی قەرزەكان، ئەمەش وای كرد بەشێك لە هاووڵاتیان قەرزەكانیان بدەنەوە، بەڵام هێشتا بەشێكی زۆری ئەو قەرزانە ماوە.

چەند جارێك لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەوڵ دراوە بابەتی ئەو قەرزەی مووچەخۆران كە لای حكوومەتە، بە یاسا ڕێك بخرێتەوە، بە جۆرێك كە هاووڵاتیان بتوانن قەرزی خزمەتگوزارییەكان لەو قەرزی مووچەیە بدەنەوە كە لای حكوومەتە، بەڵام شكستی هێناوە و حكوومەت ڕەتی كردووەتەوە.