کازمی هۆشداریی دەدات لە پێکهینانی حکومەت بەبێ سەدر

25-09-2022 03:18
سەردانێکی کازمی بۆلای سەدر.

پەرەگراف

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دەدات لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەبێ سەدرییەکان و پێیوایە ئەوکارە، ڕەنگە ببێتەهۆی دووبارە بوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩و خراپتریش کە تێیدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران.

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی دەڵێت "ئێستا هەمووان لەوە تێدەگەن کە هەر حکومەتێک سەدر بەشداریی تێدا نەکات ڕوبەڕوی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە".

کازمی ئاماژە بەوەشدەکات، سیاسییەکانی عێراق ڕوبەڕوی قەیرانی متمانە بوونەتەوە لەگەڵ خەڵکدا، دەشڵێت: دوورخستنەوەی سەدر لە پڕۆسەکە ڕەنگە ببێتەهۆی دووبارەبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی٢٠١٩ و خراپتریش.

لە تشرینی ٢٠١٩ خۆپیشاندانی فراوان دژی حکومەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەنجام درا کە بە جوڵانەوەی تشرین ناوی دەرکرد و لە مانگی ١٠ تا ١٢ی ئەو ساڵە زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە عێراقییەکان کوژران.

پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوەو حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی کازم لە مانگی ٥ی ٢٠٢٠ پێکهێنرا.

کازمی سوورە لەسەر دەرچوون لە بنبەستی سیاسیی ئیستای عێراق بەڕێگەی گفتوگۆ بۆ ئەوەش تائێستا دوو خولی گفتوگۆی نیشتیمانی ئەنجامداوەو کار بۆ خولی سێیەم دەکات، سەرجەم لایەنەکان جگە لە سەدرییەکان بەشدارن لە گفتوگۆکەدا.

سەدر زۆرترین کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا لە هەڵبژاردنەکەی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، دوای ئەوەی سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی حکومەت، لە پەرلەمان کشایەوە.

دوا سەدر چوارچێوەی هەماهەنگی ویستیان حکومەت پێکبهێنن، سەدر بە جوڵاندنی شەقام و کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە ڕوبەڕویان وەستایەوە.

پاش دروستبوونی شەڕی چەکداریی لە نێوان سەدرییەکان و حەشدی شەعبیی سەربە چوارچێوەی هەماهەنگی، سەدر واهێنانی لە سیاسەت ڕاگەیاندو سەرجەم دەرگاکانی بەڕووی نەیارەکانیدا داخستووە.