محەمەد شیاع سودانی: کارەبا و تەندروستی و خزمەتگوزاری شارەوانی لەگەڵ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ئەولەویاتی کارەکانم دەبێت
پەرەگراف
محەمەد شیاع سودانی ئەولەویاتی کارەکانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: دۆسیەکانی کارەبا و تەندروستی و خزمەتگوزاری شارەوانی لەگەڵ ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی ئەولەویاتی کارەکانم دەبێت.
سودانی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگییە بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و نزیکە لە دەوڵەتی یاسای نوری مالیکی، چوارچێوەکە ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ پێکھێنانی حکومەت لە زووترین کاتدا.
سودانی لە دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و چاودێران، دەڵێت، بەرپرسیار دەبێت لە لێپرسینەوە لە وەزیر و گۆڕینی وەزیر لە ئەگەری شکستهێنانی یان گەندەڵی.
کاندیدەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی، هەموو ئەو ناوانە بە درۆ دەخاتەوە کە بڵاوکراونەتەوە بۆ کابینە وەزارییەکەی و بەڕێوەبەرینووسینگەکەی و بە دوور لە ڕاستی و بێ بنەما لەقەڵەمیان دەدات.
سودانی دەشڵێت، بە کاری جدی و شەفاف، دوور لە ترساندن و ساختەکاری، متمانەی هاوڵاتی بۆ دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەگێڕنەوە.
هێشتا روون نییە سەدر کە کشانەوەی لە پڕۆسەی سیاسی و وازھێنانی تەواوەتی ڕاگەیاندووە ھەڵوێستی چی دەبێت لەسەر پێکھێنانی حکومەت لەلایەن کاندیدەکەی چوارچێوەی ھەماھەنگیی.
ئەوە لەکاتێکدایە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی دەدات لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەبێ سەدرییەکان و پێیوایە ئەوکارە، ڕەنگە ببێتەهۆی دووبارە بوونەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩و خراپتریش کە تێیدا سەدان خۆپیشاندەر کوژران.