چالاكانی گەرمیان: بەرپرسانی هەرێم پارەیان لا گرنگترە لە ڕووحی هاووڵاتیان

25-09-2022 07:59

پەرەگراف

پاش 14 ڕۆژ مانگرتن لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی، كەمپینی فشار بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی كۆتایی بە چالاكییەكانی هێنا، چالاكان بە تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ گەرمیان و ڕایانگەیاند "سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بە بیانووی جیاواز ئامادە نەبوون بمان بینن و نوێنەریشیان سەردانی نەكردین".

ئەو چالاكانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەش كرد كە هەوڵیان داوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، وەكوو "خاوەنی یەكەمی دەسەڵات لە ناوچەكەدا" ببینن، ئەویش بێ‌ ئەنجام بووە.

چالاكانی گەرمیان دەڵێن "هیچ كام لە بەرپرسانی هەرێم باكیان بە گیانلەدەستدانی بەردەوامی ڕۆڵەكانی ئێمە و ئەو ڕووبارە لە خوێن نییە كە بەهۆی خراپیی ڕێگەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان پارەیان لەلا گرنگرترە لە ڕووحی هاووڵاتیان".

لەگەڵ كۆتاییپێهێنانی كەمپینەكە، بەڵام چالاكانی گەرمیان جەخت دەكەنەوە كە "بە دەسەڵات ڕادەگەیەنین كۆڵ نادەین و جۆرەها چالاكیی دیكە ڕێك دەخەین، لە گەڕانەوەشمان بۆ گەرمیان، پەیامی بێباكیی دەسەڵات و نائەخلاقیبوونی حوكمڕانی دەبەینەوە بۆ هاووڵاتیان و پێیان دەڵێن حكوومەت مانگانە سێ‌ ملیار دینار بە ڕەوا نابینێت بۆ تەواوكردنی ڕێگاكە".

ئەو چالاكانە هۆشدارییان دایە حكوومەت كە لەمەودوا "هەر چالاكییەك بە ئاراستەیەكی دیكەدا ئەنجام بدرێت، حكوومەت لێی بەرپرسە".