تووشبوون بە كۆرۆنا لە جیهان یەك ملیۆن كەسی تێپەڕاند

02-04-2020 09:25


پەرەگراف

ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامە لە بڵاوبوونەوەو وڵاتانی زلهێزی دونیای پەرێشان كردووە، ژمارەی تووشبوون یەك ملیۆن كەسی تێپەڕاندو زیاتر لە 51 هەزار حاڵەتی مردنیش بەو ڤایرۆسە تۆمار كراوە.

بەپێی دواین ئاماری ئەو ناوەندانەی سات بە سات چاودێریی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكەن، تائێستا لە سەرتاسەری جیهان یەك ملیۆن‌و 889 كەس تووشی كۆرۆنا بوون، لە ناویاندا 51 هەزارو 375 كەس گیانیان لەدەستداوەو 210 هەزارو 244 كەس چاكبوونەتەوە.

لە ئێستادا 739 هەزارو 270 تووشبوو هەن كە 701 هەزارو 568یان دۆخی تەندروستییان جێگیرە كە ڕێژەی لەسەدا 95ی حاڵەتەكان دەكات، هەروەها 37 هەزارو 702 كەسیان دۆخیان ناجێگیرە كە ڕێژەی لەسەدا 5ی تووشبووان دەكات.

هەروەها دۆسیەی 261 هەزارو 619 تووشبوو داخراون، چونكە 210 هەزارو 244یان چاكبوونەتەوە كە ڕێژەی لەسەدا 80ی دۆسیە داخراوەكان دەكات، 51 هەزارو 375یان مردوون كە ڕێژەی لەسەدا 20 دەكات.

لە زۆریی ژمارەی تووشبوون ئەمریكا لە پلەی یەكەمدایەو زیاتر لە 235 هەزارو تووشبووی هەیە، دوای ئەویش بە زیاتر لە 115 هەزار و ئیسپانیا بە زیاتر لە 110 هەزارو ئەڵمانیا بە زیاتر لە 84 هەزار لە پلەی دووەم تا چوارەم دێن، پاشان چین دێت كە ناوەندی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەیەو كەمتر لە 82 هەزار تووشبووی هەیە.

بەڵام لە زۆریی ژمارەی مردن بە كۆرۆنا، ئیتاڵیا لە پلەی یەكەم دێت كە نزیكەی 14 هەزار حاڵەتی مردنی هەیە، پاشان ئیسپانیا دێت بە زیاتر لە 10 هەزارو حاڵەت‌و دواتر ئەمریكا بە زیاتر لە 5 هەزارو 500 حاڵەتی مردن، فەڕەنسا لە پلەی چوارەمدایەو زیاتر لە 4 هەزارو 500 كەسی بە ڤایرۆسەكە مردووەو چین لە پلەی پێنجەمدایە بە زیاتر لە 3 هەزارو 300 حاڵەت.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران لە پلەی یەكەمدایە لە ژمارەی تووشبوون‌و مردن، ئەو وڵاتە زیاتر لە 50 هەزار تووشبووی هەیەو لە پلەی حەوتەمی دونیادایە لە ژمارەی تووشبووان، هەروەها زیاتر لە 3 هەزارو 100 حاڵەتی مردنی هەیەو لە پلەی شەشەمدایە لە زۆریی ژمارەی مردن.

سەدان كەسایەتی ناوداری دونیا تووشی ڤایرۆسەكە بوون‌و بە دەیانیان لەناو مردووەكاندان، ئەمڕۆش تووشبوونی عەلی لاریجانی سەرۆكی پەرلەمانی ئێران ڕاگەیەندرا.

لە عێراق تائێستا تووشبوونی 772 كەس‌و گیان لەدەستدانی 54 كەس ڕاگەیەندراوە، لە هەرێمی كوردستانیش 190 كەس تووشبوون‌و 61یان چاكبوونەتەوەو 2 حاڵەتی گیان لەدەستدان هەیە.