نەوەی نوێ: دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بۆی نییە بەتەنها خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردن بکات

26-09-2022 02:56

پەرەگراف

نەوەی نوێ ڕایگەیاند، لەسەر سکاڵایەکی ئەوان دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاریدا کە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نابێت بە تەنها خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردن لە هەرێم بکات.

هیمداد شاهین وتەبێژی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند "ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سكاڵای نەوەی نوێ بریاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو برگەیەی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم کە بەتەنها خۆی سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکات. بەڵکو پێویستە لەمەودوا کۆمسیۆنی عێراقیش ئاگادار و چاودێری هەڵبژاردنەکانی هەرێم بێت".

"دادگاکە مادەی دووی یاسای کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی هەڵوەشاندەوە کە دەستەواژەی (حصري) تێدابووە تایبەت بە کۆمسیۆنی هەرێم، بریارەکە دەڵێت ئەو کۆمسیۆنە بە تەنها بۆی نییە سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکان بکات" وتەبێژەکەی نەوەی نوێ وادەڵێت.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێمی کردبوو، بەڵام دادگاکە کۆمسیۆنی بە پێچەوانەی دەستوور دانەناو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیی نەدا.

ڕێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە کاردانەوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵیدا دەڵێت "دەرگایەکی تری تەزویریان لێداخرا"، کە مەبەستی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانە.