سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەست لەکار دەکێشێتەوە

26-09-2022 03:49

پەرەگراف 

لە پێشھاتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراودا محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکار دەکێشێتەوە. 

پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی بڵاوکردەوەو خاڵی یەکەم تایبەتە بە دەنگدان لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمان.

بەپێی خشتەکە، خاڵی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە ھەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، کە شوێنی حاکم زاملی بوو لە ڕەتی سەدرو دوای کشانەوەی سەدرییەکان کورسییەکەی بە چۆڵی ماوەتەوە.

چاودێران دەست لەکار کێشانەوەی حەلبووسی بە سیناریۆ و یاریکردن لە قەڵەم دەدەن، ئەوە لە کاتێکدایە حەلبووسی بەشێکە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە نێوان پارتی و یەکێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان پێکدەهێنرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت.

فەرهاد عەلائەدین، نووسەرو توێژەری عێراقی لە تویتێکدا دەڵێت، ئەوە هەنگاوەی حەلبووسی زیرەکانەیە لەسەر تەختەی شەترەنجی سیاسیی عێراق، حەلبوسی دوای پێکهێنانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش دەکات و لە دانیشتنی ٢٨/٩دا داوای دەنگدان دەکات.

ئەو توێژەرە عێراقییە ئەوەش دەخاتەڕوو، حەلبووسی لە پۆستەکەی دەمێنێتەوەو ئەرکەکەی نوێ دەکاتەوە بە دەنگی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لە بەرامبەر سەدرییەکانیش وەک هەڵوێستێک پیشانی دەدات و ڕێگریش دەکات لە هەر دەنگێک بۆ لابردنی لە داهاتوودا.