نۆ ڕۆژ خۆپیشاندان لە سەرتاسەری ئێران؛ 18 كەس لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون

26-09-2022 04:50

پەرەگراف

بەپێی دوایین ئاماری دوو ڕێكخراوی دیاری مافی مرۆڤ، لە نۆ ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا "18 هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەست داوە". ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش دەڵێت "بەلای كەمەوە 57 كەس لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەست داوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتی حەوتەمی خۆیدا دەڵێت "بە ئاشكرابوونی ناوی چوار كەسی دیكە لە گیانبەختكردووان، ژمارەی گیانبەختكردووانی ناڕەزایەتییەكان لە كوردستان بۆ ١٨ كەس بەرز بووەوە".

هەنگاو لە ڕاپۆرتەكەیدا برینداربوونی "٨٩٨ كەس" و دەستگیركردنی "زیاتر لە 1000 كەس"یشی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "زۆربەی ئەو بریندارانە بە هۆی ترس لە دەستبەسەركرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، نەچوونەتە بنكە تەندروستییەكان، بەڵام فیلم و وێنەی ئەوان لە دەست هەنگاودایە".

هاوكات ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەكاتەوە كە "ژمارەی بریندار و دەستبەسەركراو و تەنانەت كوژراوەكانیش لە شارەكانی كوردستان، زیاتر لەو ئامارەیە".

تۆڕێ‌ مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش گیانلەدەستدانی 18 خۆپیشاندەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پشتڕاست كردووەتەوە و دەڵێت "لەناویاندا چوار مێرمنداڵی 15 و 16 ساڵ هەن، تا ئێستایش تەرمی 13 كەسیان ڕادەستی كەسوكاریان كراوەتەوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش دوێنێ‌ 25-9-2022، دوایین ئاماری خۆی بڵاو كردووەتەوە كە پشتڕاستكردنەوەی گیانلەدەستدانی 57 كەسە لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئێراندا. ڕێكخراوەكە باس بە بریندارابوون و دەستگیركردنی "سەدان" كەسی دیكەش دەكات.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆماركراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لانی كەم لە نۆ شاری شنۆ، پیرانشار، سنە، قوروە، سەردەشت، بۆكان، ئیلام، ئورمیە و مەهابادی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان بەردەوام بووە. دەشڵێت "خۆپیشاندانەكان بەرەو توندووتیژی چوون و لە ئەنجامدا ١٦٥ هاووڵاتیی كورد بە تەقەی هێزە چەكدارەكانی ئێران بریندار بوون".

لە شارەكانی دیكەی ئێرانیش بە تایبەت تارانی پایتەخت، شەوانە خۆپیشاندان و پێكدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان لە چەندین ناوچەی جیاواز بەڕێوە دەچێت.

ئاماری هەنگاو: پۆلێنبەندیی ١٨ هاووڵاتیی گیانبەختكردوو بەگوێرەی شارەكان:

شنۆ: ١- ئەمین مەعرفەت ١٦ساڵە ٢-میلان حەقیقی ٣- سەدرەدین لێتانی ٤_ عەبدولسەلام قادر گەڵوان
ئورمیە: ١- فەرجاد دەروێشی ٢- عەبدوڵڵا محەممەدپوور ٣- دانش ڕاهنەما
شائاباد: ١- سەعید محەممەدی ٢_ ئەمیر فوولادی ١٦ ساڵە ٣_ ئیمان محەممەدی
كرماشان: ١- مینوو مەجیدی ٢_ ڕەزا شەهپەرنیا
دیواندەرە: ١- فواد قەدیمی ٢- موحسین محەممەدی
سەقز: ١- فەرەیدوون مەحموودی
ئیلام: ١- موحسین قەیسەری
دێولان :١- ڕەزا لوتفی
پیرانشار: ١_ زەكەریا خەیاڵ ١٦ ساڵە