ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چاودێریی بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات لە سلێمانی

26-09-2022 06:00
بارەگای ناوەندی کۆمەڵە لە زڕگوێز

پەرەگراف

هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی تۆپبارانی چڕی سنورەکانی هەرێم لە لایەن ئێرانەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەو وڵاتە چاودێریی بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی.

حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) بە پەرەگرافی وت "دوو ڕۆژە لە چیای هەڵگورد تۆپباران بە خەستی دەکرێت، تۆپبارانەکان زیانی گیانیی نەبووە، بەڵام زیانی بە سروشتی ناوچەکە گەیاندووەو خەڵکی ترساندووە".

پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانن لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران بوونیان هەیە، لەوانەش لە چیای هەڵگورد.

ڕەحمان پەنا وتیشی "شەوی ڕابردوو، دوێنێ و دوو ڕۆژ لەمەوبەریش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران لە ناوچەی زڕگوێزی سلێمانی بینراون، فڕۆکەکان وێنەو ڤیدیۆی ناوچەکە دەگرن، لە کاتێکدا هەمووان دەزانن ئەو ناوچانەی ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ دەنێرێت پێشمەرگەی تێدانییە، دەزانن خەڵکی مەدەنی و نەخۆش و خێزان و منداڵی تێدایە، پێشمەرگە لە شوێنی دیکەیە".

ئەوە لە کاتێکدایە دوو ڕۆژ لەمەوبەر سوپای پاسدارانی ئێران ئۆپەراسیۆنێكی دژی حیزبە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو خاكی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند، داوای لە دانیشتووانی ناوچەكانی نزیك لەو هێزانە کرد لە بنكەو بارەگاكانیان دوور بكەونەوە.

ڕاگەیاندنی ئۆپەراسیۆنەكەی ئێران دوای ئەوەهات لە خۆپیشاندانی دژی مەرگی ژینا ئەمینی لە هەولێر، ئاڵای ئێران سووتێنراو خۆپیشاندەران هەوڵیان دا بە ڕێپێوانێك بچنە بەردەم كونسوڵگەریی ئێران، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە ڕێگرییان لێ‌ كرا. دوای خۆپیشاندانەكەش ئێران دەستی بە ئۆپەراسیۆن و تۆپبارانی سنوورەكانی هەرێم كرد.

پاساوی سوپای پاسداران بۆ ئۆپەراسیۆنەكە، ئەوەیە كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێرش كراوەتەوە سەر بارەگاكانی لەسەرسنووری ئێران.

هێرشەكانی ئێران لە كاتێكدایە كە ١٨ی ئەم مانگە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی، لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا سەرەخۆشیی لە خێزانی ژینا ئەمینی كرد، ئەو پەیوەندییە ئێرانییەکانی توڕەکردووە، دواتریش حسێن دلێریان، شرۆڤەكاری سەربازی و ڕۆژنامەنووسی نزیك لە سوپای پاسداران، لە تویتێكدا وتی "ئەو كارەی مەسعود بارزانی بێ‌ وەڵام نابێت".

خۆپیشاندانەکانی ئێران دوای مەرگی گوماناویی ژینا ئەمینی لە ١٦ی ئەم مانگە دەستیان پێکرد، ژینای تەمەن ٢٢ ساڵ کچە کوردێکی خەڵکی سەقزە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە تاران گیانی لەدەستداو خێزانەکەی پۆلیس بە هۆکاری مردنەکەی دەزانن، بەڵام هێشتا ئێران دانی بەوەدا نەناوە.