چیرۆكی مەرگی ژینا لە زاری كەسوكاریەوە؛ چۆن دەستگیر كرا و چییان بەسەر هێنا؟

26-09-2022 08:46

پەرەگراف

"ژینا و ئەشكانی برای لە تاران بوون كاتێك كە پۆلیسی ئەخلاق ئەوانی بینیوە، لێپرسینەوەیان لە ژینا كردووە بە پاساوی ئەوەی سەرپۆشكردنەكەی شلوشێواوە، ئەشكان هەوڵی داوە ڕوونكردنەوە بۆ پۆلیس بدات كە ئەوان لە شار و زێدی خۆیاندا نین و غەریبن، ئەوە لەبەرچاو بگرن و نەیان بەن بۆ بنكەی پۆلیس، بەڵام پۆلیسەكان بیبەریان بە دەموچاوی ئەشكاندا پرژاندووە و ژینایان بە زۆر سواری ڤانەكە كردووە"، ئەمە سەرەتای چیرۆكی دەستگیركردنی ژینا و دواتر گیانلەدەستدانیەتی.

عیرفان مورتەزایی، ئامۆزای ژینا ئەمینی، چیرۆكی مەرگی ئامۆزاكەی لە ئەنجامی ئەشكەنجە، بۆ سكای نیوز دەگێڕێتەو و باس لەوە دەكات لەوێدا كە هەوڵەكانی ئەشكان بۆ دەستگیرنەكردنی ژینای خوشكی بێ‌ ئەنجام دەبێت، ژینا سواری ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڤان دەكرێت كە پۆلیس بۆ گواستنەوەی تۆمەتبار بەكاری دەهێنێت.

عیرفان مورتەزایی لە زاری شایەتحاڵێكەكە كە لەگەڵ ژینادا لەناو ڤانەكەدا بووە، دەڵێت "ژینا لەو كاتەی كە سواری ڤانەكە بووە هەتا گەیشتوونەتە بنكەی پۆلیس، ئەشكەنجە دراوە و قسەی پێ‌ گوتراوە". لە بنكەی پۆلیسیش "لە ئەنجامی ئەو ئەشكەنجەیەی كە دراوە، هەست بەوە دەكات بەرچاوی تاریك دەبێت و دواتر دەكەوێت بە زەویدا".

لە درێژەی گێڕانەوەكەدا، ئامۆزاكەی ژینا دەڵێت "پاش ئەوەی ژینا دەكەوێت بە زەویدا، ٣٠ خولەكی خایاندووە تا كارمەندانی ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە لای، كاتژمێر و نیوێكیشی خایاندووە تا گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە".

وەكوو مورتەزایی باسی دەكات، ڕاپۆرتی پزیشكیی نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران "بە شێوەیەكی ڕوون دەڵێت: ئەو كاتەی ژینا گەیشتووەتە نەخۆشخانە، لە ڕوانگەی پزیشكییەوە مردووە".

ئامۆزاكەی ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە فشار لەسەر خێزان و بنەماڵەی ژینا هەیە بۆ بێدەنگبوونیان لە دۆسیەكە، بەڵام بنەماڵەكەی لە ڕێگەی ئەوەوە داوا دەكەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانایانەوە بچێت و ڕژێمی ئێران بەرپرسیار بزانن لە مردنی ژینا.

ژینا ئەمنیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵكی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژی ١٤ی مانگ لە كاتێكدا لەگەڵ برایەكی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بوون، بە پاساوی ڕەچاونەكردنی باڵا‌وشی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیر كرا و دوایكاتژمێرێك ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، دواتریشی لە ڕۆژی ١٧-٩-٢٠٢٢ گیانی لەدەست دا.

پۆلیسی ئێران بە بڵاوكردنەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كاتی لەهۆشچوونی ژینا ئەمینی، ڕەتی كردەوە ژینا لە ئەنجامی ئەشكەنجە ڕەوانەی نەخۆشخانە كرابێت و گیانی لەدەست دابێت.

دایكی ژینا پاش گیانلەدەستدانی، بە بی بی سیی وتووە "فریشتەكەمیان كوشت".

خاڵی ژینا دەڵێت "ژینا تازە لە زانكۆی ورمێ‌ وەرگیراوە و لە سەرەتای دەستپێكردنی خوێندنی زانكۆدا بووە".

مردنی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكی فراوان لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەت شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە تا ئێستا بەردەوامە.

بەپێی دوایین ئاماری دوو ڕێكخراوی دیاری مافی مرۆڤ، لە نۆ ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا "١٨ هاووڵاتیی كورد گیانیان لەدەست داوە". ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش دەڵێت "بەلای كەمەوە ٧٦ كەس لە خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئێران گیانیان لەدەست داوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتی حەوتەمی خۆیدا دەڵێت "بە ئاشكرابوونی ناوی چوار كەسی دیكە لە گیانبەختكردووان، ژمارەی گیانبەختكردووانی ناڕەزایەتییەكان لە كوردستان بۆ ١٨ كەس بەرز بووەوە".

هەنگاو لە ڕاپۆرتەكەیدا برینداربوونی "٨٩٨ كەس" و دەستگیركردنی "زیاتر لە ١٠٠٠ كەس"یشی ڕاگەیاندووە و دەڵێت "زۆربەی ئەو بریندارانە بە هۆی ترس لە دەستبەسەركرانیان لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە، نەچوونەتە بنكە تەندروستییەكان، بەڵام فیلم و وێنەی ئەوان لە دەست هەنگاودایە".

هاوكات ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت دەكاتەوە كە "ژمارەی بریندار و دەستبەسەركراو و تەنانەت كوژراوەكانیش لە شارەكانی كوردستان، زیاتر لەو ئامارەیە".

تۆڕێ‌ مافەكانی مرۆڤی كوردستانیش گیانلەدەستدانی ١٨ خۆپیشاندەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان پشتڕاست كردووەتەوە و دەڵێت "لەناویاندا چوار مێرمنداڵی ١٥ و ١٦ ساڵ هەن، تا ئێستایش تەرمی ١٣ كەسیان ڕادەستی كەسوكاریان كراوەتەوە".

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٦-٩-٢٠٢٢، دوایین ئاماری خۆی بڵاو كردووەتەوە كە پشتڕاستكردنەوەی گیانلەدەستدانی ٧٦ كەسە لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەكەی ئێراندا. ڕێكخراوەكە باس بە بریندارابوون و دەستگیركردنی "سەدان" كەسی دیكەش دەكات.