ڕێڕەوی یەکەمی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان ٦٢٠ کیلۆمەترەو ٤ تا ٥ ملیار دۆلاری تێدەچێت

27-09-2022 04:12
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەسەر نەخشە باسی ڕێڕەوی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر دەکات

پەرەگراف

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەڵێت، ڕێڕەوی سەرەکی پڕۆژەی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە کوردستان ٦٢٠ کیلۆمەترەو دروستکردنی ٤ تا ٥ ملیار دۆلاری تێدەچێت.

ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بۆ ماڵپەڕی حکومەتی هەرێم زانیاریی لەبارەی هەنگاوەکانی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر ئاشکرا دەکات و ئەوە دەخاتەڕوو، ئەو کۆمپانیایەی هەڵسەنگاندنی ئابوری و تێچوون و نرخی گواستنەوەو ڕێڕەوی هێڵەکە دەکات کارەکانی چڕدەکاتەوەو لە ماوەی ٧ مانگی داهاتوودا ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش دەکات.

بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئاماژە بەوەدەکات، ڕێڕەوەی هێڵەکە دوو قۆناغە، قۆناغی سەرەکی لە ئیبراهیم خەلیل دەستپێدەکات بۆ زاخۆ و دهۆک و هەولێرو سلێمانی و گەرمیان، پاشان هێڵی لاوەکی لەسەر هێڵە سەرەکییە بۆ ناوچەکانی قوڵایی هەرێم دەڕوات بۆ نمونە بەرەو بەرواری باڵاو ئامێدی لە دهۆک، لە هەولێر بەرەو چۆمان و ئیدارەی سۆران پاشان بەرەو ڕانیەو قەڵادزە، بۆ پارێزگای هەڵەبجەو قەزای پێنجوێنیش هیڵی دیکە دەڕوات، هەروەها لە موسڵ و کەرکوکەوە بە عێراقەوە دەبەسترێتەوە.

"پڕۆژەیەکی ستراتیژی گەورەیەو کاتی زۆری دەوێت بۆ جێبەجێکردن، ڕێڕەوی یەکەم بە مەزەندەی ئێمە ٦٢٠ کیلۆمەترەو دروستکردنی ڕەنگە ٤ بۆ٥ ساڵ و هەندێکجار تا ٨ ساڵی پێویستە و بودجەیەکی زۆری دەوێت کە ڕەنگە بگاتە ٤ تا ٥ ملیار دۆلار".

پاش قۆناغی هەڵسەنگاندن کە ئێستا کۆمپانیای تایبەتمەند سەرقاڵییەتی، دواتر دیزاینی هێڵەکە دەکرێت و پاشان حکومەت گەڕان بە دوای وەبەرهێنەردا دەستپێدەکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

"پڕۆژەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرنامەی حکومەتی هەرێمەوە نییە بۆ تەواوکردنی تۆڕی ڕێگاوبان و بە دووسایدکردنی ڕێگاکان، چونکە ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی حکومەتی هەرێم جێبەجێ دەکرێت، بەڵام ئەم هێڵە وەبەرهێنەر جێبەجێی دەکات" ئاگرین عەبدوڵا وادەڵێت.

دەشڵێت، پڕۆژەیەکە کاتی زۆر دەوێت و بەو خێراییە نییە کە خەڵک پێشبینی دەکات لە کاتێکی کورتدا ببینێت قیتار کەوتووەتە ئیش، هەرچەندە هەوڵدانی ئەوان بەردەوامە تا بکرێت بە کاتێکی کەم پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت.