ئێران بنكەو بارەگای پارتەكانی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی كوردستان بۆردومان کرد؛ کوژراو و بریندار هەن

28-09-2022 12:09
ئاسەواری ھێرشەکەی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران بۆردومان و مووشەکبارانی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە زڕگوێز و کۆیە و پردێ.

بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بە مووشەک بۆدورمان کراون.

هاوکار عەلی وتەبێژی تەندروستی کۆیە بە پەرەگرافی وت "دوو کوژراو و ٩ بریندار هەن کە سەرجەمیان لە حیزبی دیموکراتن، کوژراوەکان و پیاوێک و ژنێکن و بریندارەکان دوو مێرمنداڵیان تێدایە، بریندارەکان دوانیان لە کاتی بۆدورمانەکەدا لە ئۆتۆمبێل کەوتوونەتەخوارەوە".

وتەبێژی تەندروستی کۆیە، وتیشی "دۆخی تەندروستی بریندارەکان باشن".

لەکاتی بۆردومانەکەدا بۆسەر زڕگوێز، حەسەن ڕەحمان پەنا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە)  بۆ پەرەگراف وتی "فڕۆکەی بيفڕۆکەوانی ئێران بەسەرمانەوەیەو بۆردومان دەکات، ئێمەش تەقەیان لێدەکەین".

لە پردێی سەربە کەرکوکیش بە مووشەک بۆردومانی بنكەی هێزەكانی پارتی ئازادی كوردستان کراوە.