سوپای پاسداران: ئۆپەراسیۆنەکەمان بەردەوام دەبێت تا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن

28-09-2022 01:36
ئاسەواری بۆردومانی ئەمڕۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکەیان لە دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێم بەردەوام دەبێت، تاوەکو نەهێشتنی "هەڕەشەی ئەو هێزانە" و بینینی هەنگاوی کاریگەری بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ئەرکیان لەو ڕووەوە.

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بۆردومان و مووشەکبارانی چڕی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە زڕگوێز و کۆیە و پردێ، بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بە مووشەک بۆردومان کران، بۆردومانەکان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

سوپای پاسداران پاساوی هێرشەکانی بۆئەوە دەگەڕێنێتەوە کە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە هەوڵیانداوە "ئاژاوەگێڕی" بکەن، هەربۆیە ئەوانیش دەستیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کردووە لە دژیان.

هاوکات قەرارگای حەمزەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند، هێرشەکانی ئەمڕۆی بە مووشەکی جۆری 360ی هێزی وشکانی سوپای پاسداران و فڕۆکەی بێفرۆکەوانی بۆمبڕێژکراو ئەنجامداوە.