حکومەتی هەرێم بۆردومان و مووشەکبارانەکانی ئێران بە تووندی سەرکۆنە دەکات

28-09-2022 02:31

پەرەگراف

سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، بەزاندن و پێشێلکردنی چەندبارەی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەکباران بە توندی سەرکۆنە دەکەن.

"بۆردومانکردنی بنکەکانی ئۆپۆزسیۆن بە مووشەک لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە هەر پاساوێک، هەڵوێستێکی ناڕاست و بەلاڕێدابردنی ڕەوتی ڕووداوەکانە و جێگای سەرسوڕمانە. ئەم جۆرە هێرشانە، کە بەردەوام دەکرێنە سەر خاکمان و بەو هۆیەوە، خەلکی سیڤیلیش دەبنە قوربانی، شەرمەزار دەکەین و پێویستە کۆتایی بەم دەستدرێژیانە بهێنرێت" سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە هەڵوێستی دامەزراوەکانی هەرێم لە بەرامبەر بۆردومانەکان ڕوبەڕوی خەڵک و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بووەتەوەو داوای ڕێکاری جددی و پێویست دەکەن بۆ دووبارە نەبوونەوەی بۆردومانەکان.

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، هاوکات لەگەڵ ئیدانەی بۆردومان و هێرشەکان، دەڵێت "هەرێمی کوردستان بێ سەرکردە و حکومەتە، حکومەتی عێراقیش لاوازە، ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکانیش تا ئێستا بێدەنگن. وە کورد بەردەوام بۆردومان دەکرێت و هاوڵاتیەکانیشی دەکوژرێن و هیچ لایەکی هەرێم و عێراق قسە ناکەن. خوا و شاخەکان و خەڵکە ئازا و هێزی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە، پشت وپەناتانن و لەگەڵ خەڵکدان".

هەروەها لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران دەکات و دەڵێت "ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە کە سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستان بەرامبەر دراوسێکانمان سیاسەتێکی تاکلایەنەیە، ئەو هەموو باوەش پێداکردن و خۆچەماندنەوانەی کە بۆ نەیارانی گەلەکەمانی دەکەن کەچی ئەوان لە بەرامبەردا هیچ ڕێزێک لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناگرن".

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بۆردومان و مووشەکبارانی چڕی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە زڕگوێز و کۆیە و پردێ، بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە بە مووشەک بۆردومان کران، بۆردومانەکان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.