بۆردومانەکانی ئێران ٩ شەهید و ٣٥ برینداری لێکەوتەوە

28-09-2022 03:01
بریندارێکی ئەمڕۆی کۆمەڵە بەهۆی بۆردومانی ئێران بۆسەر زڕگوێز. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

مووشەکباران و بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژییەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێم، بووەهۆی شەهیدبوونی ٩ کەس و برینداربوونی ٣٥ی دیکە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە بۆردومانی بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و هێزەکانی پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ، ٩ شەهیدو ٣٢ بریندار هەن.

هاوکات هەردی عوسمان پەیامنێری پەرەگراف کە بە مەیدانیی چووە ناوچەی زڕگوێز لە سلێمانی کە بارەگاکانی کۆمەڵەی لێیەو ئەمڕۆ ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ بۆردومانی کرد، لە زاری بەرپرسانی کۆمەڵەوە دەڵێت "بەهۆی بۆردومانەکانەوە ٣ پێشمەرگە برینداربوون".

سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بۆردومان و مووشەکبارانی چڕی بارەگای حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد لە زڕگوێز و کۆیە و پردێ، بارەگای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان لە زڕگوێز بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆیە و پارتی ئازادی کوردستان لە پردێ بە مووشەک بۆردومان کران.

بۆردومانەکان کاردانەوەیان لێکەوتەوەو لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق ئیدانە کران، هاوکات هێزە ئەمنییەكان لە سلێمانی ڕێگرییانكرد لە خۆپیشاندانێك كە بۆ ئیدانەکردنی بۆردومانەکانی ئێران و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەكانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران ڕێكخرابوو.