دەست لەکار کێشانەوەی حەلبوسی ڕەتکرایەوەو سەدر هەڕەشەی نوێ دەکات

28-09-2022 06:27
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق.

پەرەگراف

پەرلەمانی عێراق کۆبووەوەو دەستلەکار کێشانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی ڕەتکردەوە. وەزیرەکەی سەدریش دوای ماوەیەک بێدەنگیی، پەیامیکی سیاسی بڵاوکردەوەو هەڕشەی نوێ دەکات.

دەستلەکارکێشانەوەی محەمەد حەلبووسی لە سەرۆکی پەرلەمان تەنها ١٣ دەنگی بەدەستهێنا لەکۆی دەنگی ٢٣٥ پەرلەمانتاری ئامادەبووی کۆبوونەوەکە، بەوەش سیناریۆکەی حەلبوسی سەریگرت و جارێکی دیکە متمانەی پێدرایەوە.

پاشان پەرلەمان دەنگیدا بۆ پۆستی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی پەرلەمانتاری سەربەخۆ کە کوردی فەیلییە بۆ پۆستەکە هەڵبژێردراو شوێنی حاکم زاملی گرتەوە کە لە پشکی سەدر لەو پۆستەدا بوو.

لەکاتی کۆبوونەوەی پەرلەماندا ژمارەیەک مووشەک ئاڕاستەی دەوروبەری پەرلەمان کران و پشێویی لێکەوتەوە، هاوکات خۆپیشاندان لە گۆڕەپانی تەحریر دژی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران هەوڵیاندا بچنە ناوچەی سەوز.

لەلایەکی دیکەوە ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیری سەدر ناسراوە، دوای ماوەیەک بێدەنگیی، پەیامێکی سیاسی بڵاوکردەوەو هۆشداریی بە سیاسییەکانی عێراق دەدات کە نەگەڕێنەوە بۆ سیستمی پێشوو کە بە هەمان کەسایەتی و دەستوور میلیشیاو پاشکۆیەتی بێت و دەڵێت "سوێند بە خودا ئەگەر بگەڕێنەوە وەکو جاران ئەوە دەبێتە کۆتایی عێراق و تەنانەت کۆتایی ئێوەش، ئەوکات پەشیمانی سوودی نابێت".