وەزارەتی دەرەوەی عێراق: یاداشتێکی تووندی ناڕەزاییمان ڕادەستی باڵیۆزی ئێران کرد

29-09-2022 02:35
ئاسەواری بۆردومانی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز، ٢٨-٩-٢٠٢٢. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

وەزارەتى دەرەوەى عێراق ڕایگەیاند، بانگهێشتى باڵیۆزى ئێرانى لە بەغدا کردووەو یاداشتنامەىەکی تووندی ناڕەزایی ئاڕاستە کردووە سەبارەت بە بۆردوومانکردنى چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان.

وەزارەتى دەرەوەى عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوە دەخاتەڕوو، محەممەد کازم ئال سادق باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامیى ئێرانی لە بەغدا بانگهێشت کردووە لە بارەى بۆردوومانکردنى چەند ناوچەیەکى هەرێمى کوردستان و گیانلەدەستدان و برینداربوونى ژمارەکی لە هاووڵاتییانى مەدەنى.

"ئیحسان عەوادى، سەرۆکى فەرمانگەى وڵاتانى دراوسێ لە وەزارەتى دەرەوە یاداشتنامەیەکى تووندى ناڕەزایی رادەستى باڵیۆزى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد کە تێیدا حکومەتى عێراق سەرکۆنەى ئەو تاوانەى کردووە، کە پێیوایە بەردەوامیدانە بە دەستدرێژیى هێزەکانى ئێران بۆ سەر سەروەریى عێراق و خاکەکەى و شێوازێکى نوێى وەرگرتووە کە ناکرێت لێى بێدەنگ بین، کە ئەویش بەئامانجکردنى هاووڵاتییانى مەدەنییە لە قووڵایی شارەکاندا" وەزارەتی دەرەوەی عێراق وادەڵێت.

وەزارەتى دەرەوە لە یاداشتنامەکەیدا هەموو کردەوەیەکى رەتکردووەتەوە بۆ ترساندن و تۆقاندنى هاووڵاتییانى مەدەنى، داواشى لە باڵیۆزى ئێران کردووە، ئەو وڵاتە رێز لە سەروەریى عێراق بگرێت و پەیوەیست بێت بە بەڵێننامەکانییەوە بەگوێرەى پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و لە لۆژیکى سەربازى و زمانى چەک دوور بکەوێتەوە بۆ چارەسەرى ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.

سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن.

بەهۆى ئەو بۆردوومانانەوە لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی ٥٠ی دیکەش بریندار بوون، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.