فەرماندەیەکی پێشووی سوپای پاسداران: ژینا لە ئەنجامی ئەو زەبرەی بەر سەری کەوتووە گیانی لەدەستداوە

29-09-2022 05:16
بەرزکردنەوەی وێنەی ژینا لە خۆپیشاندانێکی ناڕەزایی لە دژی گیان لەدەستدانی.

پەرەگراف

فەرماندەیەکی باڵای پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرای دەكات كە ژینا ئەمینی لە ئەنجامی "خوێنبەربوونی ناوەكی و بەهۆی ئەو زەبرەی بەر سەری كەوتووە" گیانی لەدەست داوە.

محەمەدباقر بەختیار، فەرماندەی باڵای پێشووی سوپای پاسداران، لە تۆمارێكی دەنگیدا دەڵێت "دەركەوتووە كە مەهسا ئەمینی دوای ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی كە بە ئەگەری بەهێز لە پۆلیسی ئەخلاق بەسەری هاتووە، تووشی بارێكی ناجێگیری جەستەیی بووە، دواتر دەیگەیەننە نەخۆشخانەی كەسرا".

بە وتەی ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران، پاش ئەنجامدانی پشكنین، "پزیشكان بۆیان دەردەكەوێت كە مەهسا ئەمینی تووشی خوێنەبەربوونی ناوەكی بووە و بۆ ڕزگاركردنی بڕیار دەدەن كە سپڵی زیانپێگەیشتووی دەربهێنن، تا بارودۆخی تەندروستیی باشتر ببێت".

لەو تۆمارە دەنگییەدا محەمەدباقر بەختیار دەڵێت "بەداخەوە بەهۆی ئەو زەبرانەی كە بەر كەللـەی سەری كەوتبوو، مەهسا ئەمینی دەكەوێتە حاڵەتی بێهۆشییەوە و دەبێتەهۆی گیانلەدەستدانی".

ئەو فەرماندەیەی پێشووی سوپای پاسداران ئاماژە بەوە دەكات كە زانیارییەكانی لە "دۆستانێكی باوەڕپێكراو"ـەوە پێ‌ گەیشتووە و وتەی "پزیشكێكی باوەڕپێكراوە" لە پزیشكی دادی كە لە دۆسیەی شیكاریی تەرمی مەهسا ئەمینیدا ڕۆڵی هەبووە.

مەهسا ئەمینی ناسراو بە ژینا، تەمەن ٢٢ ساڵ، خەڵكی شاری سەقز لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژی ١٤ی مانگ لە كاتێكدا لەگەڵ برایەكی لە شاری تارانی پایتەختی ئێران بوون، بە پاساوی ڕەچاونەكردنی باڵا‌وشی لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقەوە دەستگیر كرا و لە دەستبەسەریدا مایەوەو دوای كاتژمێرێك ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، دواتریش لە ڕۆژی ١٧-٩-٢٠٢٢ گیانی لەدەست دا.

خێزانی ژینا پۆلیسی ئێران بە "کوشتنی" ژینا تۆمەتبار دەکەن، بەڵام ئێران تائێستا ئەوەی لە ئەستۆ نەگرتووەو ئەنجامی لێکۆڵینەوەی لەو ڕووداوە ئاشکرا نەکردووە.

مردنی ژینا بووە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكی فراوان لە سەرتاسەری ئێران و بە تایبەت شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە تا ئێستا بەردەوامە.

"ژینا و ئەشكانی برای لە تاران بوون كاتێك كە پۆلیسی ئەخلاق ئەوانی بینیوە، لێپرسینەوەیان لە ژینا كردووە بە پاساوی ئەوەی سەرپۆشكردنەكەی شلوشێواوە، ئەشكان هەوڵی داوە ڕوونكردنەوە بۆ پۆلیس بدات كە ئەوان لە شار و زێدی خۆیاندا نین و غەریبن، ئەوە لەبەرچاو بگرن و نەیان بەن بۆ بنكەی پۆلیس، بەڵام پۆلیسەكان بیبەریان بە دەموچاوی ئەشكاندا پرژاندووە و ژینایان بە زۆر سواری ڤانەكە كردووە"، ئەمە سەرەتای چیرۆكی دەستگیركردنی ژینا و دواتر گیانلەدەستدانیەتی بە وتەی عیرفان مورتەزایی، ئامۆزای ژینا ئەمینی.

ئەو ئامۆزایەی چیرۆكی مەرگی ژینا بۆ سكای نیوز دەگێڕێتەو و باس لەوە دەكات لەوێدا كە هەوڵەكانی ئەشكان بۆ دەستگیرنەكردنی ژینای خوشكی بێ‌ ئەنجام دەبێت، ژینا سواری ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڤان دەكرێت كە پۆلیس بۆ گواستنەوەی تۆمەتبار بەكاری دەهێنێت.

عیرفان مورتەزایی لە زاری شایەتحاڵێكەكە كە لەگەڵ ژینادا لەناو ڤانەكەدا بووە، دەڵێت "ژینا لەو كاتەی كە سواری ڤانەكە بووە هەتا گەیشتوونەتە بنكەی پۆلیس، ئەشكەنجە دراوە و قسەی پێ‌ گوتراوە". لە بنكەی پۆلیسیش "لە ئەنجامی ئەو ئەشكەنجەیەی كە دراوە، هەست بەوە دەكات بەرچاوی تاریك دەبێت و دواتر دەكەوێت بە زەویدا".

لە درێژەی گێڕانەوەكەدا، ئامۆزاكەی ژینا دەڵێت "پاش ئەوەی ژینا دەكەوێت بە زەویدا، ٣٠ خولەكی خایاندووە تا كارمەندانی ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە لای، كاتژمێر و نیوێكیشی خایاندووە تا گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە".

وەكوو مورتەزایی باسی دەكات، ڕاپۆرتی پزیشكیی نەخۆشخانەی كەسرا لە تاران "بە شێوەیەكی ڕوون دەڵێت: ئەو كاتەی ژینا گەیشتووەتە نەخۆشخانە، لە ڕوانگەی پزیشكییەوە مردووە".

ئامۆزاكەی ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە فشار لەسەر خێزان و بنەماڵەی ژینا هەیە بۆ بێدەنگبوونیان لە دۆسیەكە، بەڵام بنەماڵەكەی لە ڕێگەی ئەوەوە داوا دەكەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهانایانەوە بچێت و ڕژێمی ئێران بەرپرسیار بزانن لە مردنی ژینا.