ئێران هەڕەشەی هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی هەرێم دەكات

30-09-2022 02:52

پەرەگراف

سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران هەڕەشەی هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام دەڵێت "ئێمە (لە ئێستادا) تەنیا مامەڵەی سەربازیی توند لەگەڵ جوداخوازە تیرۆریستەكان دەكەین، هیچ هەنگاوێكمان بەرانبەر ئەمریكییەكان نییە".

موحەممەد باقری، سەرۆكی ئەركانی سەرجەم هێزە چەكدارەكانی ئێران، دەڵێت "زانیاریی تەواو و وردمان لەسەر بنكەكانی هەریر، هەولێر و دهۆك هەیە، ئەگەر هێزەكانی ئەمریكا هەر هەنگاوێكی دوژمنكارانە بەرانبەر فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئێرانییەكان بگرنە بەر، هێزە چەكدارەكانی ئێران وەڵامی دەبێت".

ئەم قسانەی باقری لە وەڵامی ئەمریكادا هات كە پێشتر ڕایگەیاند لە ڕۆژی بۆردوومانەكەی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان لەناو خاكی هەرێم، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئێرانیی خستووەتە خوارەوە.

موحەممەد باقری دەڵێت "ئێمە تەنیا مامەڵەی سەربازیی توند لەگەڵ جوداخوازە تیرۆریستەكان دەكەین، لەم بڕگەیەدا هیچ هەنگاوێكمان بەرانبەر ئەمریكییەكان نییە، بەڵام دەبێت ئەوان بزانن كە تۆڵەی ئەو كردارەیان بۆ هێزە چەكدارەكانمان پارێزراوە و لە شوێنی گونجاوی خۆیدا وەڵام دەدرێتەوە".

پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، پاشنیوەڕۆی 28-9-2022 هێزەكانیان درۆنێكی ئێرانیان لە جۆری (موهاجیر ٦) خستووتە خوارەوە، كە بە ئاراستەی هەولێر لە فڕیدا بوو و وەكوو هەڕەشە بۆ سەر هێزەكانیان لە ناوچەكە دەردەكەوت.

لە وەڵامی ئەمەدا سەرۆكی ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران دەڵێت "ئەم بانگەشەی ئەمریكا دەیسەلمێنێت كە ئەوان لەگەڵ تیرۆریستان و جوداخوازەكان هاودەستن و هاوكارییان دەكەن".

لە هۆشدارییەكەیدا بۆ هێزەكانی ئەمریكا لەناو خاكی هەرێم، باقری جەختی كردەوە "ئەگەر لەو بنكانەی وڵاتانی دراوسێوە هەنگاوی دوژمنكارانە بەرانبەر كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئاسایش و بەرژەوەندیی نەتەوەییمان بنرێت، بە دڵنیاییەوە وەڵامیان دەدەینەوە".

باقری لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی بە دۆستایەتیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ‌ كرد، بەڵام دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆستایەتییە ڕێوڕەسمی خۆی هەیە و ئەگەر پێشێل بكرێت، دەبێت چاوەڕوانی وەڵامی لۆژیكی و هاوشێوە بن.