وەزارەتی ناوخۆ: هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك ڕەزامەندی نەداوە لەسەر هێرشەكانی ئێران

30-09-2022 09:59
ئاسەواری بۆردومانی ئەمڕۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە زڕگوێز. وێنە؛ هەردی عوسمان- پەرەگراف

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕەتیدەکاتەوە ھەرێمی کوردستان ڕەزامەندیی دابێت لەسەر ھێرشەکانی ئێران بۆسەر بارەگای حیزبەکانی ڕۆژھەڵات.

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە دەربارەی قسەکانی فەرماندەیەکی هێزەکانی ئێران سەبارەت بە دواهێرشیان بۆ سەر ھەرێمی کوردستان.

"نوێنەر و شاندە ئێرانییەکان لە کۆبوونەوەکان و لە ڕاگەیاندنەکانیش، بە ئاشکرا و بەردەوام  هەڕەشەی لێدانی بنکەکانی ئوپۆزسیۆن وبنکەکانی ئەمریکایان کردووە، لایەنە ئوپۆزسیۆنەکانیش ئاگاداری ئەو گەف و ھەڕەشانە بوون. بەڵام هەرێمی کوردستان،  بە هیچ شێوەیەکو ھیچ کاتێک، ڕەزامەندی لە سەر پێشێلکردنی سەروەری خاک و ئەنجامدانی ئەم هێرشانە نەداوە و بە توندیش سەرکۆنەیان دەکەین" وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم وادەڵێت.

سوپای پاسدارانی ئێران ٢٨ی ئەم مانگە بارەگای هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆتەقێن.

بەهۆى ئەو بۆردوومانانەوە لانیکەم 17 کەس گیانیان لەدەستدا و سەرووی ٥٠ی دیکەش بریندار بوون، کە ژن و منداڵیشیان تێدایە.