خۆپیشاندانەکەی بەغداد گرژیی تێکەوت

01-10-2022 01:45

پەرەگراف

تشرینییەکان لە بەغداد لە سێیەم ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد لە دژی حکومەت، سەدرییەکان ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی خۆپیشاندانەکە دەکەن و گرژیی لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروست بووە.

خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشم دژی دەستێوەردانەکانی ئێران و حکومەتی عێراقی و گەندەڵیی بەردەوامەو داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن و پێکهێنانی حکومەت لەلایەن محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕەتدەکەنەوە، ئەمانەش هەمان داواکاریی سەدرییەکانن.

هێزێکی ئەمنیی زۆر لە بەغداد بڵاوەی پێکراوەو دەروازەکانی چوونەناو ناوچەی سەوز داخراون، خۆپیشاندەران دەیانەوێت بەربەستەکان ببڕن و بچنە ناوچەی سەوز.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە هێزە ئەمنییەکان کردووە بە هیچ شێوەیەک چەک لە دژی خۆپیشاندەران بەکار نەهێنن و تەقە نەکرێت.

هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران دەبنەوە.

لە تشرینی ٢٠١٩ خۆپیشاندانی فراوان دژی حکومەت لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق ئەنجام درا کە بە جوڵانەوەی تشرین ناوی دەرکرد و لە مانگی ١٠ تا ١٢ی ئەو ساڵە زیاتر لە ٥٠٠ خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە عێراقییەکان کوژران.

پاشان عادل عەبدولمەهدی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستی لەکار کێشایەوەو حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتی کازم لە مانگی ٥ی ٢٠٢٠ پێکهێنرا.