پێنج پێشمەرگە لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا گیانیان لەدەست دا

01-10-2022 02:00

پەرەگراف

لە ڕووداوێكی هاتوچۆدا لەسەر ڕێگای دەربەندیخان، پێنج پێشمەرگە گیانیان لەدەست دا، هەر پێنجیان دانیشتووی قەزای سەیدسادقن.

موقەدەم جاسم حەمەعەلی خان، بەڕێوەبەری هاتوچۆی قەزای دەربەندیخان، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "كاتژمێر ١١ی بەیانیی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووداوێكی پێكدادان لەنێوان ئۆتۆمبێلێكی جۆری كراون و بارهەڵگرێك، پێنج سەرنشینی ئۆتۆمبیلە كراونەكە گیانیان لەدەست داوە".

بەڕێوەبەری هاتوچۆی دەربەندیخان وتیشی "ئەو كەسانەی گیانیان لەدەست داوە، سەرجەمیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردا بووە".

بەپێی زانیارییەكانی پەرەگراف، ڕووداوەكە لەسەر ڕێگای دەربەندیخان - زەڕایەن، لەنزیك گوندی حەسەنە گەورە ڕووی داوە، ئەو پێنج كەسە كە گیانیان لەدەست داوە، پێشمەرگەی فەوجی سێی لیوای پێنجن و هەموویان خەڵكی قەزای سەیدسادقن، پاش تەواوكردنی دەوامیان لە گەرمیانەوە بۆ ماڵەوە گەڕاونەتەوە.

ڕێگای سلێمانی - دەربەندیخان - كەلار بەهۆی خراپییەوە بە "ڕێگای مەرگ" ناسراوە و ڕۆژانە ڕووداوی هاتوچۆ تێیدا ڕوو دەدات. چەندین جاریش چالاكان و هاووڵاتیانى دەربەندیخان و كەلار خۆپیشاندان و مانگرتنیان بۆ چاككردنی ڕێگاكە ئەنجام داوە.

دواین چالاكی لەلایەن گرووپێك لە چالاكانی كەلارەوە بوو، كە بە پێ‌ هاتنە سلێمانی و بۆ ماوەی 14 ڕۆژ لەبەردەم نووسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە شاری سلێمانی مانیان گرت. ئەو چالاكانە (كەمپینی فشار بۆ تەواوكردنی ڕێگای كەلار - سلێمانی)یان ڕاگەیاند، بەڵام دواجار ئەویش بێ‌ ئەنجام كۆتایی هات و چالاكان بە تووڕەییەوە گەڕانەوە بۆ گەرمیان.

لە كۆتاییی كەمپینەكەدا چالاكانی گەرمیان ڕایانگەیاند "سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی بە بیانووی جیاواز ئامادە نەبوون بمان بینن و نوێنەریشیان سەردانی نەكردین".

ئەو چالاكانە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوەش كرد كە هەوڵیان داوە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانی، وەكوو "خاوەنی یەكەمی دەسەڵات لە ناوچەكەدا" ببینن، ئەویش بێ‌ ئەنجام بووە.

چالاكانی گەرمیان دەڵێن "هیچ كام لە بەرپرسانی هەرێم باكیان بە گیانلەدەستدانی بەردەوامی ڕۆڵەكانی ئێمە و ئەو ڕووبارە لە خوێن نییە كە بەهۆی خراپیی ڕێگەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوان پارەیان لەلا گرنگرترە لە ڕووحی هاووڵاتیان".

لەگەڵ كۆتاییپێهێنانی كەمپینەكە، بەڵام چالاكانی گەرمیان جەخت دەكەنەوە كە "بە دەسەڵات ڕادەگەیەنین كۆڵ نادەین و جۆرەها چالاكیی دیكە ڕێك دەخەین، لە گەڕانەوەشمان بۆ گەرمیان، پەیامی بێباكیی دەسەڵات و نائەخلاقیبوونی حوكمڕانی دەبەینەوە بۆ هاووڵاتیان و پێیان دەڵێن حكوومەت مانگانە سێ‌ ملیار دینار بە ڕەوا نابینێت بۆ تەواوكردنی ڕێگاكە".