پازدەیەم ڕۆژی خۆپیشاندانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان؛ ئەمڕۆ مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە چوو

01-10-2022 03:52

پەرەگراف

لە زیاتر لە 20 شار و شارۆچكەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتن و داخستنی بازاڕ دەستی پێ‌ كرد. لە لایەكی دیكەش خۆپیشاندان بەردەوامە و لە شاری دێولان ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوو.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "لە ورمێ‌، شنۆ، بۆكان، مهاباد، پیرانشار، ڕەبەت، سەردەشت، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە، كامیاران، ڕوانسەر، نەغەدە، شاهۆ، ئیلام، پاوە، دێولان، بانە، جواڕۆ و دزەی مەرگەوەڕی ورمێ‌ مانگرتنی فراوان دەستی پێ‌ كردووە".

هەنگاو دەڵێت، بەپێی ئەو ڤیدیۆ و وێنانەی كە لەو شار و شارۆچكانەوە بە دەستی گەیشتووە، بەشێكی زۆر لە بازاڕ و دووكانەكان داخراون و بەشدارییان لە مانگرتنی سەرتاسەری كردووە.

مانگرتنەكە پاش ئەوە دێت كە ڕۆژی پێنجشەممە، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران، لە بانگەوازێكدا داوای لە خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە "ڕۆژی شەممە 9ی ڕەزبەر، بە مانگرتنێكی گشتی ‌و سەرتاسەری"، ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بارەگاكانی حیزبەكانی ڕۆژهەڵات لەناو خاكی هەرێمی كوردستان، دەرببڕن.

ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران دەڵێت "هێرش بۆ سەر بارەگاكانی ئێمە، بە مەبەستی بەلاڕێدابردنی ڕایگشتی لە ناڕەزاییەكانی ئێستا و دوژمنایەتیی لەمێژینەی ئەم ڕژیمە لەگەڵ بزووتنەوەی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە".

هاوكات لەگەڵ مانگرتنەكان، بەیانیی ئەمڕۆ لە شاری دێولانی سەر بە پارێزگای كوردستان (سنە)، خۆپیشاندان دەستی پێ‌ كرد و ڕووبەڕووبوونەوەی توند لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان دروست بوون.

هەنگاو دەڵێت "شەقامەكانی ئیستقلال و پاسداران لە شاری دێولان كەوتوونەتە دەستی خەڵك و خەڵكی ناڕازی ئاڵاكانی ئێرانیان داگرت". هەروەها "پەیكەری (پێشمەرگەی موسڵمان) كە هێمایەكە بۆ ئەو كوردانەی ئەندامی سوپای پاسدارانن، لەلایەن خەڵكی ناڕازی شاری دێولانەوە سووتێنرا".

لە زانكۆكانی كوردستان لە سنە و ڕازی لە كرماشان، گردبوونەوەی خوێندكاران بەڕێوە چوو، داوا كرا ئەو خوێندكارانی دەستگیر كراون، ئازاد بكرێن.

ماوەی 15 ڕۆژە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و زۆرێك لە شارەكانی ئێران بۆ مەرگری ژینا ئەمینی سەری هەڵداوە، بەلای كەمەوە 20 هاووڵاتیی كورد كوژراون و زیاتر لە هەزار كەسیش بریندار بوون.