ڕێكخراوەكان: پەرلەمان و حكوومەت هەڵوێست بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییەكانی ئێران بنوێنن

01-10-2022 07:40

پەرەگراف

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە سلێمانی، ئیدانەی توندی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵات دەكات و داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكات "هەرچی توانای خۆیانە بیخەنە گەڕ بە مەبەستی ڕاگرتنی ئەو كردە تاوانكارییانەی دەوڵەتی ئێران، كە مەترسیی خستووەتە سەر تەواوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان".

فیدراسیۆنەكە ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەكی ئاراستەی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان كرد، تێیدا دەڵێت "داوا لە لە حكوومەتی عێراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئاست پاراستنی سەروەریی خاكەكەی جێبەجێ‌ بكات".

فیدراسیۆنی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی داوایەكیشی ئاراستەی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە كە "هەڵوێستی بەرپرسیارانەی جیددی بنوێنن و هەموو هەوڵێك بخەنە گەڕ لەپێناو ڕاگرتنی ئەم دەستدرێژییانە و بەدەم لێقەوماوان و قوربانییانەوە بچن".